لقی کۆمسیۆن لە كەركووك: نزیکەی دە ڕۆژە نەچووینەتە دەوام و هەڕەشەمان لەسەرە
عەبدولباست دەروێش، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی، لقی كەركووكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 21/5/2018، ڕايگەیاند: "ئێمە لە شەوی شەممە 12ی ئایاری 2018 ەوەكاتێك كە هێزێكی چەكدار هێرشی كردە سەر بارەگای لقی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە كەركووك، لەو كاتەوە دەوامان نەكردووە و نەگەڕاوینەتەوە بۆ سەر كارەكانمان چونكە هەڕەشەمان لەسەرە".
لەبارەی ئەو لایەنە توركمانی و عەرەبییانەی كە ناڕازین لە ئەنجامی هەڵبژاردن لە كەركووك، بەرپرسەكەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان، گوتی: "ئەو لایەنانە لەسەر خۆپیشاندانەكانیان بەردەوامن و لەبەردەم ئەو شوێنەیە كە تەرخان كراوە بۆ كەرەستەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و سەندووقەكانی دەنگدان لە كەركووك".
لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەشێك لە لایەنە توركمانی و عەرەبەكانی كەركووك دەستیان كردووە بە خۆپیشاندان و ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن لە كەركوك تەزویر كراوە و داوای دووبارە ئەژماركردنەوەی دەنگەكان بەدەست دەكەن.
باسنيوز
