سەرکردەیەک: پەیەدە 90 زیندانیی کوردی رادەستی رژێمی سووریا کردووە

 سەرکردەیەک: پەیەدە 90 زیندانیی کوردی رادەستی رژێمی سووریا کردووە
سەرکردەیەکی کورد رایدەگەیەنێت، کە پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) 90 زیندانیی کوردی رادەستی رژێمی سووریا کردووە.



شاهین ئەحمەد، ئەندامی لێژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا (پەدەکەسە) بە (باسنیوز)ی راگەیاند، ئەو کەسە دەستگیرکراوانە لەکاتی کشانەوە لە عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان، رادەستی هێزەکانی رژێمی بەعسی سووری کران.



شاهین ئەحمەد هەروەها رایگەیـند، کە ئەو 90 کەسە بە دوو پاسی سەر بە هێزەکانی رژێمی سووریا لە شارۆچکەکانی نوبەل و زەهرا گواستراونەتەوە شاری حەلەب و لەوێشەوە گواستراونەتەوە دیمەشق و لە گرتووخانەی لقی فەلەستین زیندانی کراون.



ئەو ئەندامەی لێژنەی ناوەندیی پەدەکەسە ئاماژەی بەوەش کرد، کە یەکێک لە دەستگیرکراوەکان، کە پەیەدە رادەستی رژێمی سووریا کردووە، عەبدولڕەحمان ئاپۆی ئەندامی لێژنەی ناوەندیی پەدەکەسەیە، کە لە 12/7/2017ـەوە لەلایەن چەکدارانی پەیەدەوە رفێندراوە.



دوای کشانەوەی هێزەکانی سەر بە رژێمی سووریا لە رۆژئاوای کوردستان، پەیەدە لەڕێی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ـەوە دەستی بەسەر ئەو بەشەی کوردستاندا گرت و کەوتە دژایەتی و کوشتن و راوەدونانی سیاسەتمەدار و حزبە سیاسییە نەیارەکانی خۆی و سەرکوتکردنی هاووڵاتییان.



لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.



بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.





باسنیوز
Top