سامان شاڵی: پەیامی دوێنێی بارزانی زۆر نەتەوەیی و ڕاشکاوانە بوو

 	 سامان شاڵی: پەیامی دوێنێی بارزانی زۆر نەتەوەیی و ڕاشکاوانە بوو
دوێنی سەرۆک بارزانی لەبارەی کۆتاییھاتنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکانی عێراق پەیامێکی بڵاو کردەوە و کەسایەتییەکی سیاسی و ئەکادیمی کوردستانیش پێی وایە، پەیامی سەرۆک بارزانی زۆر ڕاشکاوانە و نەتەوەیی بوو. دەشڵێ، بارزانی داوای مافی ئەوانەیشی کرد کە ئەنجامی ھەڵبژاردن ڕەت دەکەنەوە.



دکتۆر سامان شاڵی، کەسایەتیی سیاسی و ئەکادیمیی کورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پەیامی بارزانی، پەیامێکی زۆر باش و نەتەوەیی بوو، یەکەم جار بۆ نێوماڵی خۆمان کە داوای یەکگرتنی کرد، ھەروەھا داوای ئەوەیشی کرد کە مافی ئەو لایەنانەش پارێزراو بێت کە ناڕازین لە ئەنجامی ھەڵبژاردن و بە پێی یاسا مافەکانیان بدرێتەوە، تا ھەموومان پێکەوە بچینە بەغدا و بە شەراکەتێکی ڕاستەقینە بەشدار بین و مافە دەستوورییەکانی کورد پارێزراو بن، پەیامێکی زۆر ڕاشکاوانە و زۆر نەتەوەیی بۆ میللەت، تا بتوانین دواڕۆژ مافەکانی گەلی کوردستان لە دەستووردا بچەسپێنین، لەبەر ئەوەش، پێویستە ھەموو کوتلە کوردستانییەکان لە چوارچێوەی یەک کوتلەی بەھێزدا یەک بگرن و بەرەو بەغدا بچن."



ئەو کەسایەتییە ئەکادیمییە گوتی: "بەداخەوە ھەندێ لایەن لە بەغداوە قسەی قورس دەکەن لەوەی ماڵی کورد یەک نییە و کورد یەک ناگرێت، ئەم قسانە حەق نییە لە میدیا بکرێت، بەتایبەتی بۆ میدیای عەرەبی و بیانی، چونکە بە ڕاستی نابێ بەو شێوەیە لە پێش خەڵک، خۆمان ھەڵواسین و دەبێ ئەم جارە ھەموو ھەوڵێکمان یەکگرتنی کورد بێت، پێویستە ھەرچی ناکۆکی ھەیە، خۆمان چارەسەری بکەین، نەک بیبەینە بەغدا."



لەبارەی بۆچوونی شەش لایەنی ناڕازی لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان، دکتۆر سامان شاڵی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەوە لە دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستاندا نییە، بەڵکوو پێویستە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق وەڵامی ئەو شەش لایەنە بداتەوە و کێشەکەیان چارەسەر بکات، تا ھەموو لایەک ددان بە ئەنجامەکاندا بنێن، بەڵام تا ھەموو لایەنەکان دەگەنە ئەو باوەڕە کاتی دەوێ، کێشەی لایەنە ناڕازییەکان لە ھەرێمی کوردستان چارەسەر ناکرێت."
kdp-
Top