"ئەوەی ڕیفراندۆمی کرد سەرکەوت"

شارەزایەکی سیاسەت پیێ وایە، گەلی کورد دووبارە متمانەیان بەخشییەوە بە پارتی. دەشڵێت، ئەوەی ڕیفراندۆمی کرد، سەرکەوت و ئەوەی لەگەڵی نەبوو تووشی شکست ھات. ھاووڵاتییەکیش دەڵێ، سەرکەوتنی پارتی، واتای متمانەی ھاووڵاتییان بەو حزبە دەگەیەنێت.

٢٥-٩ی پار، ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان کرا، هاوکات ١-١٠ ڕیفراندۆم لە ھەرێمی کەتەلۆنیاش کرا. ڕیفراندۆمێک بۆ جیابوونەوە و سەربەخۆییی ھەردوو ھەرێمەکە، ھەردوو پارتی دەسەڵاتدار ھێزی یەکەمن لەو دوو ھەرێمە، توانیویانە جێی متمانەی ھاووڵاتیانی خۆیان بن و ڕێژەی دەنگەکانی ئەو دوو پارتە لە ھەموو ھێزەکانی تر زیاترە.

ھەرێمی کەتەلۆنیا ژمارەی دانیشتووانەکەی ٧.٥ ملیۆن کەسە، کە ١٦%ی خەڵکی ئیسپانیا پێک دەھێنن، پارتی جوداخوازەکانی کەتەلۆنیا، کە پارتى دەسەڵاتدارى ئەو هەرێمەیە، ھێزی یەکەم و جێی متمانەی ھاووڵاتیانە، هەروەها کارلێس پۆژیمۆنتە، سەرۆکى لابراوى ھەرێمی کەتەلۆنیا بوو، کە کاریگەرییەکى باشى هەبوو لەسەر ڕیفراندۆمەکە، لە گشتپرسییەکەی کەتەلۆنیاش ٩٠%ی دەنگدەران بە "بەڵێ" دەنگیان بۆ سەربەخۆییی ھەرێمەکەیان دا.

ڕۆژی ١٢/٥ ھەڵبژاردن لە تەواوی عێراق بەڕێوە چوو، پارتی دیموکراتی کوردستان، توانی زۆرینەی دەنگەکانی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بەدەست بێنێت و وەکو ھێزی یەکەمی کوردستان مایەوە.

دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ، مامۆستای زانکۆ و شارەزای سیاسەت، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دەرەنجامەکانی ھەڵبژاردن نامەیەکی گرنگ بوو بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بۆ لایەنە سیاسییەکانی بەغدا کە پارتی بۆ دۆزی ڕەوای کورد دەجەنگێت و لەو پێناوەدا دروست بووە و بەردەوام دەبێت، بۆیە پێگەی پارتی لەو ئاستەدا بەردەوام دەبێت و زیاتریش دەبێت، پێشبینی دەکرێت لە داھاتوودا هیز و دەسەڵات و توانای پارتی زیاتر بێت لەوەی کە ئێستا ھەیە، کۆمەڵێک فاکتەری نێودەوڵەتی و ناوخۆیی ھەبوون، گەلێک ھەڕەشە و گەلەکۆمە لە پارتی کرا، ھیچ لایەنێک نەما گەلەکۆمە لە پارتی نەکات، بەڵام جەماوەری پارتی و جەماوەری کوردستان دووبارە متمانەیان بە پارتی دایەوە، کە وەکو ھێزی یەکەم بمێنێتەوە".

پەیوەست بە گشتپرسییەکەی کوردستانیش ھاووڵاتیان بە ڕێژەی زیاتر لە ٩٢% دەنگیان بۆ سەربەخۆییی کوردستان دا، خەڵکێک خۆی بێبەری کرد لە ڕیفراندۆم، یان لانی کەم بە شێوەی کەم بەشداری کرد، ئەگەر ھات و سەرکەوت، خۆی بە شەریک دابنێت و بە بۆچوونی وان وابوو کە ڕیفراندۆم سەرناکەوێت و دژی بوون، تەنانەت وای لێ ھاتبوو بڵێن، کە ڕیفراندۆمچییەکان چوونەوە بەغدا دادگایی بکرێن و ناویان لێ نابوون ڕیفراندۆمچییەکان.

عەبدولحەکیم خەسرۆ زیاتر بۆ روونکردنەوەی ئەو بابەتە دەڵێ، : "ئەگەر سەیری بانگەشەی ھەڵبژاردنی ھەندێک لایەن بکەین، دەیانگوت دەسەڵات وەرگرین و بچینەوە بەغدا ڕیفراندۆمچییەکان دادگایی دەکەین، بەڵام بینیمان چی ڕووی دا، لەم ھەڵبژاردنەدا کێ سەرکەوت و کێش دواکەوت، زۆریی دەنگەکانی پارتی لەم ھەڵبژاردنەدا دەرخەری ئەوەیە کە ھاووڵاتیان لەگەڵ پارتین و دەیانەوێ ھەر وەکو ھێزی یەکەم بمێنێتەوە لە کوردستان".

عەبدولحەکیم خەسرۆ ئاماژەیشی دا: "لای هاووڵاتیان ئاشکرایە کێ باشە، بۆیە پارتی توانیویەتی وەکو ھێزی یەکەم بمێنێتەوە و پێشبینی دەکرێت لە داھاتووشدا لەسەر ئەو ھەستە نەتەوایەتییەی کە پارتی ھەیەتی و سازش ناکا لەسەر مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان، کە شکۆی هاووڵاتیانی کورد دەپارێزێ، بەردەوام بێت لەو خەباتە، بۆ بەدیھێنانی مافە ڕەواکانی هاووڵاتیانی کوردستان".

لەم ھەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراقدا ھیچ لایەنێک نەیتوانیوە زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بێنێت، بە ڕای چاودێرانی سیاسیش حکوومەتی زۆرینە لە ‌عێراق سەرکەوتوو نابێت و پێویستە بە تەوافوق بێت، چونکە پێشتر ئەمە تاقی کراوەتەوە و شکستی ھێناوە.

دەربارەی پێکھێنانی حکوومەتی نویێ عێراق ئەم پسپۆڕەی زانستە سیاسییەکان پیێ وایە: "پارتی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نویێ عێراق، وەکو لایەنەکانی تر بیر ناکاتەوە، بۆیە بە زەحمەتی دەبینم بە یەکھەڵوێست بچنە بەغدا، وەک چۆن پێش ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆمیش یەکھەڵوێست نەبوون، ئێستاش یەکھەڵوێست نابن، چونکە ھەموو ھێزە کوردستانییەکان کاتێک دەچنە دانوستان، داوای پۆست و ئیمتیازات دەکەن، ئەم جارە پارتی دانوستان لەسەر پۆست و پلە و ئیمتیازات ناکات".

حوسێن یاسین، هاووڵاتییەکی دانیشتووی ھەولێرە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "پێم وایە سەرکەوتنی پارتی لەم ھەڵبژاردنەدا پێشبینیکراو بوو کە وەک براوەی یەکەم بمێنێتەوە، چونکە گومان لەوەدا نییە پارتی ھێزی سەرەکی و یەکەمی کوردستانە، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە ئێمەی هاووڵاتیان چۆن باوەڕمان وابوو کە ڕیفراندۆم سەردەکەوێت، بۆیە دەنگمان بەو حزبەشدا تا سەرکردایەتیمان بکات و سەرکەوتنی پارتی واتای باوەڕی ھاووڵاتیانە بەو حزبە."
kdp-
Top