گۆڕان بانگەشەی چاکسازی دەکا و پڕۆژەیاسای چاکسازیش پەک دەخا
هەرچەندە بڕیاربوو وەک ئامادەکارییەک بۆ کۆبوونەوەکەی سبەی دووشەممە 21/5/2018ی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پڕۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی، ئەمڕۆ لێژنەی یاسایی پەرلەمان کۆببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا.
لەمبارەیەوە ڤاڵا فەرید، سەرۆکی لێژنەی یاسایی پەرلەمان لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاشکرای کرد کە کۆبوونەوەکەیان دواخستووە و ئەگەر کاتژمێر 2ی پاش نیوەڕۆ ڕێژەی یاسایی تەواو ببێت، کۆدەبنەوە.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە کۆبوونەوەی لێژنەی یاسایی لەبارەی پڕۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی بەهۆی بەشدارینەکردنی نوێنەری لایەنەکان ئەنجام نەدراوە. گوتیشی: ”لە کۆی 11 ئەندام، تەنیا پێنج ئەندام ئامادە نەبوون“.
جەختیشی لەوە کردەوە کە بەرپرسیارێتیی دەرنەچوونی یاساکە لەم خولەی پەرلەمان بۆ ئەو لایەنانە دەگەڕێتەوە کە لە کۆبوونەوەی لێژنەی یاسایی بەشداری ناکەن.
ڤاڵا فەرید ئاشکرای کرد کە سێ نوێنەری پارتی و نوێنەرێکی کۆتای تورکمان لە کۆبوونەوەکە بەشدار بووە و نوێنەرێکی یەکگرتووی ئیسلامیش مۆڵەتی وەرگرتووە. بەڵام بەشێک لە نوێنەرانی یەکێتی ئامادە نەبوون و هیچ یەکێک لە نوێنەرانی گۆڕانیش نەچوونەتە کۆبوونەوەکەوە.
لەلایەن خۆیەوە ڕێواس فایەق، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ڕای گەیاند کە دانیشتنی پەرلەمان بۆ خوێندنەوەی ڕاپۆرتە، ئەگەر ڕاپۆرتەکە ئامادە نەبێت، ئەوا دانیشتنی پەرلەمانیش نابێت. ئەوەشی نەشاردەوە کە هێشتا کات ماوە و ئومێد ماوە.
ڕێواس فایەق دانی بەوەدا نا کە ئەوان کێشەیان لەسەر ماددەیەک هەیە و گوتی: ”خاڵێک کێشەی زۆری لەسەرە کە بابەتی دەرماڵەکانە، هەندێک دەرماڵە بەدەر لە حوکمی قانون دراون، لە فراکسیۆنی یەکێتی لە خەڵکی کوردستان دەترسین نامانەوێ ڕۆڵمان هەبێ لە بڕینی دەرماڵەی خەڵکی کوردستان هەرچەندە بە ناقانونیش درابێت“.
باسنيوز
