پارتی: پێویستە لایەنە کوردستانییەکان بە هێزێکی تۆکمەوە بچنە بەغدا
لەبارەی دەستپێکردنی کۆبوونەوەی نێوان لایەنە کوردستانییەکان دوای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دروستکردنی لیستێکی ھاوبەش بۆ چوونیان بۆ بەغدا، بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی ڕایگەیاند: "لەوانەیە وردەکاریی زۆر ھێشتا ڕانەگەیەنرابێت، بەڵام پەیامەکەی دوێنێ شەممە ١٩ی ئایاری ٢٠١٨ی سەرۆک بارزانی کە بە بۆنەی کۆتاییھاتنی ھەڵبژاردنەکان بڵاوی کردەوە، لە بڕگەیەکدا باسی ئەوە دەکات کە پێویستە ھێزە کوردستانییەکان پێکەوە بن، لەبەر ئەوەی ئەزموون دەری خستووە گەر پێکەوە بین، دەتوانین دەستکەوتی زیاتر بەدەست بھێنین، بەڵام ئەگەر پەرتەوازە بووبین، نەمانتوانیوە مافەکانی میللەتی کورد بەدەست بھێنین".
بەرپرسەکەی پارتی ڕوونیشی کردەوە: "ئەوان پێیان وایە یەکێک لە ئەولەویەتی ھێزە کوردستانییەکان ئەوەیە، کە پێویستە پێکەوە دابنیشن و بە ھێزێکی تۆکمەوە بچنەوە بەغدا، لەبەر ئەوە ھەموو لایەنەکان دەبێ پێکەوە ھەنگاوی بۆ بنێین، بەڵام ئەو پەرتەوازەییەی کە لەلای ھێزە ناڕازییەکانی سلێمانی لەسەر دەرەنجامی ھەڵبژاردنەکان ھەیە، لەوانەیە دانیشتن بەو ئاسانییە نەبێ، لەگەڵ ئەوەشدا "ئێمە وەک پارتی سوورین لەسەر ئەوەی لەگەڵ ھێزەکان بە یەکدەنگ و یەکدەست بچینەوە بەغدا".
لەبارەی ئەوەی کە ئەگەر پێویست بکات، پارتی ھەنگاوی یەکەم بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بنێت و دەستپێشخەرییەک بکات، ئایا پارتی ئەمە دەکات؟، بڵند ئیسماعیل گوتی: "ھەر شێتک لە بەرژەوەندیی باڵای میللەتی کورددا بێ، پارتی دوودڵی لێ ناکات".
باسنیوز
