یەكگرتووی ئیسلامی: شەڕی جێبەجێكردنی دەستوور دەكەین، بەڵام چاومان هه‌ر لەسەر سەربەخۆییه‌

 	 یەكگرتووی ئیسلامی: شەڕی جێبەجێكردنی دەستوور دەكەین، بەڵام چاومان هه‌ر لەسەر سەربەخۆییه‌
یاریدەدەرێكی ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان باوەڕی وایە، پێویستە لەم قۆناغەدا كورد بە یەكگرتوویی بگەڕێتەوە بەغدا و دەشڵێ: "ھەر كاتێك ئێمە یەكگرتوو بووبین، دەستكەوتمان ھەبووە". ھەرچی پێوەست بە پرسی ریفڕاندۆمیشەوەیە، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "لە بەغدا شەڕی دەستوور دەكەین، بەڵام چاومان ھەر لە ئەنجامی ریفڕاندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆیە".

سامی ئەترووشی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "كورد لەسەر دەستی رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق ناخۆشی و دەردەسەریی زۆری چەشتووە، ھەتا ئەوكاتەی توانیمان لەنێو دەستووردا مافەكانمان وەك ھەرێمێكی فیدڕاڵی جێگیر بكەین، لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقیش ھەر كاتێك كورد بە یەكگرتوویی چووبێتە بەغدا، ئەوا سەركەوتنی بەدەست ھێناوە، واتە ھەر كاتێك كورد یەكڕیز بووبێت، بەھێزتر بووە، ئەمجارەش كە دەچنەوە بەغدا بە لیستی جیاوەزەوە، بەڵام پێویستە پێكەوە یەكگرتوو بن، تا ئەو مافانەی خەڵكی كوردستان ھەنی، لەوێ بە دەستیان بێنن، بە پێچەوانەوە كورد یەكگرتوو نەبێت، زیانی بۆ دەستكەوتەكانمان دەبێت".

وەك ئاماژەیەك بۆ ناكۆكیی ئێستای نێوان لایەنەكانی ھەرێمی كوردستان، ئەترووشی روونی كردەوە: "ئەگەر لە ھەرێمی كوردستان لایەنەكان بۆچوونیان جیاوازیش بێت، بەڵام كە دەچنەوە بەغدا دەبێ یەكگرتوو و یەكھەڵوێست بن، پێویستیشە لایەنە سیاسییەكان بەرژەوەندیی گشتی بخەنە سەرووی بەرژەوەندیی حزبیی خۆیان و شەڕ بۆ جێبەجێكردنی دەستوور بكەن، بێگومان شەڕی دەستووریش تەنیا بە پەرلەمانتاران ناكرێت و دەبێت لایەنەكان یەك بن".

یاریدەدەری ئەمنیداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی دەشڵێ: "راستە بگەڕێینەوە بەغدا بۆ چوار ساڵی داھاتوو وەك ئاماژەم بۆ كرد شەڕی جێبەجێكردنی دەستوور دەكەین، بەڵام ئومێد و ھیوامان ھەر لەسەر پرسی سەربەخۆیی و دروستكردنی دەوڵەتە، چونكە ریفڕاندۆم و ئەنجامەكەی گرێ دراون بە ھەندێ پرسی ناوچەیی و ھەبوونی دەرفەتی لەبار، پێویستە بۆ چوار ساڵی داھاتوو ریفڕاندۆم ببێتە بەڵگە بەدەست نوێنەرانی ھەرێمی كوردستان لە بەغدا، ئەوەیشی لە ئەنجامی ریفڕاندۆم بەسەرماندا ھات، بە ھۆی پەرتوبڵاویی كوردەوە بوو".

سامی ئەترووشی، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئەگەر بەغدا دیسان ئامادە نەبێت مافە دەستووری و یاساییەكانی خەڵكی ھەرێمی كوردستان فەراھەم بكات، ئەوە وا چاكە بە روونی بە دەسەڵاتدارانی بەغدا بگوترێت ریفڕاندۆم ئامادەیە و خەڵكی كوردستان بڕیاری خۆیان داوە، یان دەبێت مافەكانی گەلی كوردستان بدەن، یانیش ئەوەتا ددان بە ئەنجامی ریفڕاندۆمی سەربەخۆییدا بنێن و با جیا ببینەوە".
kdp -
Top