ئامینە زكری: پڕۆژەی چاكسازی، یەكێكە لە دەستكەوتە گرینگەكان.. هەوڵمان ئەوەیە پەسەند بكرێت
ئامینە زكری، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پڕۆژەی چاكسازی، یەكێكە لە دەستكەوتە مێژوویی و گرینگەكان بۆ ئەوەی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان بكرێت، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران كە ئەو پڕۆژەی بۆ پەرلەمان رەوانە كردووە، چەندین جاریش لە قسەكانیدا باسی ئەوەی كردووە ئەگەر ئەو پڕۆژەیە پەسەند بكرێت، پاشەكەوتی مووچە ئەوەی كە ماوە، نامێنێت، ئەو پڕۆژەیە لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستاندایە، ئەو كەسانەی بە نایاسایی دامەزراون و زیاتر لە مووچەیەك وەردەگرن، ئەو پڕۆژەیاسایە رێگری لە ئەوان دەكات، زەمینە بۆ ئەوە دەڕەخسێنێت كە دەرفەتی كار دروست بێت، پاشەكەوتی مووچەیش نەمێنێت، بۆیە بە لای فراكسیۆنی پارتییەوە، زۆر گرینگە ئەو پڕۆژەیە پەسەند بكرێت، ئێمە وەكوو فراكسیۆن هەم كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیمان ئەنجام دا و هەمیش یادداشتێكمان دایە سەرۆكایەتیی پەرلەمان، كە لە پشووی پەرلەماندا كۆبوونەوەیەكی نایاسایی بكرێت و ئەو پڕۆژەیە پەسەند بكرێت، بەڵام هەندێك فراكسیۆن هەوڵیان دەدا ئەو پڕۆژەیە پەسەند نەكرێت، بۆیە ئێستا هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەیە كە بتوانین تەوافوق لەسەر پڕۆژەكە دروست بكەین و فراكسیۆنەكان هەست بە بەرپرسیارەتی بكەن و ئەو پڕۆژەیە چیدیكە دوا نەكەوێت و پەسەند بكرێت".
زكری گوتیشی: "ئەو یاسایانەی لە پەرلەمان پەسەند كراون، كە بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەت بووە، هەموویان كەوتوونەتە واری جێبەجێكردنەوە و دەرئەنجامی باشیشیان هەبووە، هەرچەندە پێویستە ئەوە لەبیر نەكەین كە ئەم خولەی پەرلەمان، خولێكی سیاسی بوو، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان ئەوەی پێش ئێستا هیچ پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاریی نەدەخستە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە، ئەو پڕۆژەیاسایانە بوون كە جیاوازیی سیاسییان پێوە دیار بوو، ئەوەش دەبووە هۆكاری دروستبوونی ناكۆكی لە نێوان فراكسیۆنەكان و لایەنەكاندا، بۆیە بەرهەمی خولی چواری پەرلەمان، باش نییە، لە تەمەنی پەرلەمان لەو خولەدا، كە نزیكەی 5 ساڵ دەبێت، تەنیا 16 یاسا دەرچوونە".
kdp -
