چاودێران: پێویستە سیاسەتی بەغدا بۆ چارەكردنی كێشەكانی هەرێم ڕوون بێت
ئەنجامی كۆتاییی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە لایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەوە ڕاگەیەندرا و، لەمەودوا گفتوگۆی فەرمیی لایەنەكان بۆ دروستكردنی حكوومەتی نوێی عێراق دەست پێ دەكات، چاودێرانیش پێیان وایە پێویستە كورد بە یەكگرتوویی بچێتە بەغدا و ئەم جارە ئەركیان قورس دەبێت.
سیاسەتمەداری كورد، موئەیەد تەییب، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق ئەم جارە ئاسان نییە و كاتی پێویستە، چونكە تا ڕادەیەكیش پێویستە دەرەوە لێی ڕازی بێت و بۆ ئەمەیش پێویستە ئەو لایەنەی حكوومەت پێك دەهێنێت، زۆرینەی لایەنەكان لەگەڵی ببنە هاوپەیمان، ئەوانەیش كە لە یەك نزیكن لە شیعەكان، كوتلەكانی عەممار حەكیم و موقتەدا سەدر و حەیدەر عەبادین، بۆیە كاتێك ئەمانە ڕێك كەوتن، دەتوانن لەگەڵ لایەنەكانی دیكە حكوومەتی نوێ دروست بكەن و كوردیش لەو حكوومەتەدا بە بەهێزی بەشداری دەكەن".
تەییب گوتی: "كورد ئەم جارە بەشداری دەكەن و پێویستە تەنیا بەشداریكردنێکی بەناو نەبێت، بەڵكوو دەبێ بەكردار بەشدار بێت، بۆ ئەمەیش هەم پێویستە پۆستی گرینگ بە كورد بدرێن و هەمیش سیاسەتی حكوومەتی داهاتوو ڕوون بێت بۆ چارەكردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان، بۆیە ڕەنگە هەر لە سەرەتاوە كێشەی داراییی هەرێمی كوردستان چارە بكرێت".
تەییب باسی لەوەش كرد: "هەرچەندە لە سیاسەتدا گەرەنتی نییە، بەڵام ئەگەر ئیرادە هەبێت، كێشەكان چارە دەكرێن، بۆیە پێشتر كورد هەموو شتێكی لە بەغدا هەبوو و كێشەكان چارە نەبوون، بەڵام ئەم جارە ئەركی كورد لە بەغدا زۆر قورس دەبێت و پێویستە خۆیانی بۆ ئامادە بكەن".
ئازاد ئەبووبەكر، چاودێری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەركی كورد ئەم جارە لە بەغدا قورس دەبێت، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە، كورد ڕێژەی دەنگی پێویستی بە دەست هێناوە و دەمێنێتەوە ئەو حكوومەتەی دادێت كە چۆن دروست دەبێت كە ئاسان نابێت و لەمپەری زۆری لە بەردەمە، چونكە پێشتر زووتر دروست دەبوو، لەبەر ئەوەی لیستەكان كەمتر بوون و كاریگەریی دەرەوەیش كەمتر بوو و لایەنەكانیش زووتر لەسەر پۆستەكان ڕێك دەكەوتن و لەناو كوردیش ڕێككەوتن لەسەر پۆستەكان ئاسانتر بوو، ڕەنگە ئەمەیش ئەم جارە ئاسان نەبێت، بۆیە زەحمەتە لەو ماوە دەستوورییەی بۆ پێكهێنانی دانراوە، حكوومەت پێك بێت".
ئەبووبەكر ئەوەیشی خستە ڕوو: "كورد یەكەم جار پێویستە یەكدەنگ بن، چونكە ئەگەر یەكدەنگ نەبن هیچیان پێ ناكرێت و سەركەوتوو نابن، بە داخەوە ئەوەی ئێستا دەیبینین كورد یەكدەنگ نییە، بەڵام ئەوەی جێی دڵخۆشییە، پارتی ڕێژەیەكی زۆر دەنگی بە دەست هێناوە و لیستی پێنجەمە لەسەر ئاستی عێراقدا و دوای ئەوەش یەكێتی دێت، بۆیە گەر یەكگرتوو بن وەكو پێشوو، كاریگەریی زۆریان لە بەغدا دەبێت، چونكە لە ماوەی ڕابردوودا هەموو دەستكەوتەكان بە یەكگرتوویی بەدەست هاتوون".
ئەو چاودێرە ئاماژەیشی دا: "ئەو لایەنە كوردییانەی دەچنە بەغدا، پێویستە نەتەوەییانە بیر بكەنەوە، چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان بەرنامەیەكی تایبەت بە خۆی هەیە و خەباتی بۆ گەلی كورد كردووە و قوربانیی لە هەموو قۆناغەكاندا داوە و كوردیش ئەمەی لە بەرچاوە، چونكە گەر پارتی نەبووایە، زۆر شتمان بەسەر دەهات و خەڵكیش ئەمە دەخوێنێتەوە كە سەركردایەتییەكەی لێهاتووە و بەردەوامیش بەرگری لە مافی كورد كردووە و هیچ كات سازشی لەسەر مافەكانی هەرێم نەكردووە".
kdp -
