سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە

 سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە
سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە کە پەیوەندی بە کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقەوە هەیە و جەختی لەوە کردەوە کە دوای هەڵبژاردنەکان، دۆخێکی تازە هاتووەتە پێشەوە.

لەو پەیامەدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە داوە، ئێستا كە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كراوە، دۆخێكی تازە هاتووەتە ئاراوە. هیوادارم هەولێر و بەغدا دوور لە دەمارگیری و گرژی، پێداچوونەوەیەكی نوێ بە پەیوەندییەكانیاندا بكەن و ئەو هەڵبژاردنە دەستپێكی قۆناغێكی تازە بێت بۆ هەردوولا.

جەختیشی لەوە کردووەتەوە: “هۆكاری سەرەكیی هەموو گیروگرفتەكانی پێشوو و بڕیاری گەلی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەگەڕێتەوە بۆ پابەندنەبوونی حكوومەتی بەغدا بە دەستوور و لە دیباچەی دەستووریشدا بە ڕوونی هاتووە كە" إنّ الالتزام بهذا الدستور يحفظُ للعراق اتحاده الحر شعبا وأرضاً وسيادةً". ئەمە ئاماژەیەكی زۆر ڕوونە كە عێراق لە یەكێتییەكی ئارەزوومەندانە پێكهاتووە و بەم پێیە ڕیفراندۆم و مافی دیاریكردنی چارەنووس مافێكی دەستووری و سرووشتیی گەلی كوردستانە”.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی بەپێویستی زانیوە، دوای سەد ساڵ ئەزموونی پڕ لە كارەسات، ئەو قەناعەتە لە بەغدا دروست ببێت كە چیتر دژایەتیی مافەكانی گەلی كوردستان نەكەن و لە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان تێبگەن. ئێستا دەرفەتێكی باشە كە لایەنە باڵادەستەكانی عێراق بەو ڕۆح و هەڵوێستەی كە دەستووری لەسەر بنیات نراوە، مامەڵە لەگەڵ ماف و داواكارییەكانی گەلی كوردستان بكەن. دەشڵێت: “پێویست بوو حكوومەتی بەغدا كار بۆ قەرەبووكردنی گەلی كوردستان بكات نەك ئەوەی ئابڵۆقەی بدات و سزای بەكۆمەڵی بەسەردا بسەپێنێت. حكوومەتی عێراق دەبێ قەرەبووی ئەنفال و كیمیاباران و وێرانكردنی دێهاتەكان و ئاوارەكردنی خەڵكی كوردستان بكات كە لە قۆناغەكانی پێشوودا و لەم دواییانەش لە كەركووك و دووز و شوێنەكانی تر دژی گەلی كوردستان ئەنجام دراوە”.

سەرۆک بارزانی ڕاشکاوانە ڕای گەیاندووە کە ئەوان بە باشی دەزانن، بە دیالۆگ لەگەڵ بەغدا، بەردەوام بن هەتا بە ئەنجامێك دەگەن. دووپاتیشی کردووەتەوە: “هەرگیز بژاردەی ئێمە بژاردەی شەڕ نەبووە. بە داخەوە هەمیشە و لە هەموو قۆناغەكانی ڕابردوو ئەوە بەغدا بووە كە شەڕی هەڵبژاردووە و ئێمەیش بەرگریمان كردووە بە ڕووداوەكانی دوای 16ـی ئۆكتۆبەریشەوە. كەچی هەمیشە و بەر لە ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆمیش ڕامان وا بووە کە گرفتەكان دوور لە توندوتیژی چارەسەر بكەین و پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا ئاشتییانە بێت. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو واقعەی كە بە زۆری چەك و خۆسەپاندن لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دروست بووە، پێویستە كۆتایی بێت و مێژوو سەلماندوویەتی كە .. بەڵێ، ئەم خۆ ناچەمینین.. و بە زمانی چەك و زۆر لەدژی گەلەكەمان، ئیرادەی گەلی كوردستان هەرگیز نەشكاوە و ناشكێت”.

هەر لەو پەیامەیدا سەرۆک بارزانی ڕوونی کردووەتەوە: “گەلی كوردستان قوربانیی بێ هەژماری داوە و ئەو دەستكەوتانەی ئێستا هەن بە خوێنی هەزاران شەهید هاتووەتە ئارا. ئێستایش كە قۆناغێكی تازە لە ئارادایە و هەڵبژاردن كراوە و، بۆ ئەوەی خوێنی شەهیدەكانمان بەفیڕۆ نەچێت و دەستكەوتەكان بپارێزرێن، پێویستە لایەنە كوردستانییەكان بەرژەوەندیی نیشتیمانی بخەنە پێشەوەی بەرژەوەندیی حزبی و هەموو لایەك پێكەوە بن و بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان نەكەنە قوربانیی هەندێ دەستكەوتی كاتی و سیاسیی و حزبی. دەبێ لەوە تێبگەن كە ئەگەر كوردستان هەموو یەكدەنگ بێت دەتوانرێ دەستكەوت و مافەكان بپارێزرێن و ئەگەر پەرتەوازە بین ئەوە كوردستانیش لاواز دەبێت. هەموو ئەزموونەكان پێمان دەڵێن كە ئەگەر پێكەوە بین، كاری گەورە و دەستكەوتی گەورە دێتە دی و ئەگەریش پەرتەوازە بین دۆزی ڕەوای گەلەكەمان زیان دەبینێت و پاشەكشە دەكات و ڕەنج و قوربانیدانی گەلی كوردستان بەفیڕۆ دەچێت. هەر بۆیەش داوا دەكەم لایەنە كوردستانییەكان ئەمجارە لە بەغدا پێكەوە بن و یەكڕیز بن”.

لە کۆتاییشدا سوپاسی ئەندام و كادیر و لایەنگران و دۆستانی پارتی و هەموو ڕۆڵە دڵسۆزەكانی گەلی كوردستان دەكەم كە نەیانهێشت حەزی نەیاران و ناحەزان بهێتە دی.








باسنيوز
Top