میدیاکارێکی کورد لە ورمێ حوکمی سێ ساڵ بەندکرانی بۆ بڕایەوە
چالاکوانێکی میدیایی خەڵکی ورمێ لە دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی (هەنگاو) لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ورمێ چالاکوانێکی میدیاکاری کورد بەناوی "فەڕوخ عەبدی" کە بەڕێوەبەری کەناڵی تێلێگرامی ”ئامانج“ بووە، بە سێ ساڵ بەندکران مەحکووم کردووە و ئەو حوکمە ڕۆژی ڕابردوو پێی ڕاگەیەندراوە.
بەپێی ئەو حوکمە، فەڕوخ عەبدی بە تۆمەتی "بێ ڕێزی بە ڕێبەری ئێران" بە دوو ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکوومەت" بە یەک ساڵ بەندکران و سەرجەم حوکمی3 ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
فەڕوخ عەبدی ڕۆژی شەممە 2018/2/10 لە شاری قیشم کەلە باشووری ئێران هەڵکەوتووە، دەستبەسەر و ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی تاران و دواتر ورمێ کرا.
ئەو چالاکوانە کوردە لەو کاتەوە تا ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگیراوە.
باسنيوز
