داقووق.. بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو هاووڵاتییەكی کورد گیانی لەدەست دا

 داقووق.. بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو هاووڵاتییەكی کورد گیانی لەدەست دا
بەرپرسێكی پارتی لە شارۆچكەی داقووقی سەر بە پارێزگای كەركووك ڕای دەگەیەنێت، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو لە سنووری داقووق، هاووڵاتییەكی كوردی كاكەیی گیانی لەدەست داوە.

هیوا ڕەشید، بەرپرسی ناوچەی پارتی لە داقووق، ڕایگەیاند: "لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو لە گوندی (زەنقر)ی سەر بە شارۆچكەی داقووق، هاووڵاتییەك كوردی كاكەیی بە ناوی (یوونس كاكەیی) گیانی لەدەست دا".

ئاشكراشی كرد، بۆمبە چێنراوەكە شەوی شەممەی ڕابردوو، لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە لە نزیك گۆڕی پیاوچاكێكی كاكەییەكان دانراوە و لە ئەنجامدا ئەمڕۆ هەینی 18/5/2018، تەقییەوە و بووە هۆی گیان لە دەستدانی ئەو هاووڵاتییە كاكەییە".


لە دوای نەمانی هێزەكانی پێشمەرگە لە سنووری پارێزگای كەركووك و داگیركردنی كەركووك و خورماتوو لە 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە بە رێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكاری ناو یەكێتی، جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لە سنووری پارێزگای كەركووك بەتایبەت شارۆچكەی داقووق زیادی كردوووە.














باسنوز
Top