چاودێران: ئەم قۆناغە ئەوە دەخوازێت، كورد بە یەك تیم بگەڕێنەوە بەغدا
چاودێری سیاسی عارف قوربانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بە داخەوە بە هۆی دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردن و لێكەوتنەوەی نیگەرانیی هەندێك حیزب، ناو ماڵی كوردی زیاتر كەرت بوو، بەڵام دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەكان، ئەوە بزانن پێویستیی ئەم قۆناغەی كوردستان و عێراق ئەوە دەخوازێت، كورد بە یەك تیم بگەڕێنەوە بەغدا، بە تایبەت پارتی و یەكێتی بیر لەو پۆست و پشكانە بكەنەوە، كە بەر كورد دەكەون، شەراكەتێك لە نێوان تەواوی لایەنە سیاسییەكان كە كورسییان هێناوە، دروست بكەن، تا كورد بتوانێت وەك تیمێك كارەكانیان بكەن".
هاوكات دكتۆر دلێر شاوێسی، مامۆستای زانكۆ، هێما بۆ ئەوە دەكات، كەوا لەسەر بنەمای ئەوەی، حكوومەتی نوێی عێراق چی پێیە بۆ كورد و چۆن دەتوانین بەرژەوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان بپارێزین، ئەوا لەسەر ئەو بنەمایە بەشداری لە حكوومەتدا بكرێت، تا مافە دەستوورییەكانمان جێبەجێ بكرێن.
عارف قوربانی هاوڕایە و دەڵێت: "جێبەجێكردنی ماددەی 140 و پێكهێنانی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی، دەبێ لە داوا سەرەكییەكان بن"، هۆكاری گرینگیی ئەو دوو خاڵەیش بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، تا لە ڕووی دەستوورییەوە زامنی مافەكانی هەرێمی كوردستان بكات، گوتیشی: "داوا بكرێت بارودۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە و كۆتایی بە داگیركاریی ئەو شارە و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بێت، پێشم وایە پێویستە ئەم سێ خاڵە بكرێنە داخوازیی سەرەكیی گفتوگۆی كورد".
لیستە براوەكانی عەرەبی شیعە، چەندین جار ڕێككەوتنیان لەگەڵ كورد بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەت كردووە، پاشان پاشگەز بوونەتەوە لە بەڵێنەكانیان، ئەو چاودێرە سیاسییە دەڵێت: "من گەشبینم ئەگەر كورد یەكگوتار بێت و بە یەكگرتووی بڕواتە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت، ئەوە ئەگەر جاران بەڵێنیان داوە جێبەجێیان نەكردووە، لەم چوار ساڵەدا بتواندرێت دواخوازییەكانی كوردستان جێبەجێ بكرێن".
دكتۆر دلێر شاوێس بۆچوونی وایە، ئەو حكوومەتەی لە ئاییندەدا دروست دەبێت لە عێراق، زۆر لاوازتر دەبێت لە حكوومەتی پێشوو، ھۆكارەكەیشی بۆ ڕەوشی عێراق دەگێڕێتەوە، كە زەحمەتە بەو حكوومەتە لاوازانە كۆنتڕۆڵ بكرێت، بۆیەیشە پێی وایە لەبەر ئەوەی ئاستەنگ بۆ حكوومەت دروست دەبێت، ئاییندە بڕیار دەدات پلانەكان چۆن دەبن و لایەنەكان لەسەر چی دەگەنە رێككەوتن بۆ دروستكردنی حكوومەتی نوێ.
عارف قوربانی باوەڕی وایە، لایەنی ئێرانی نایانەوێت سوننەی عەرەب سەرۆكایەتیی كۆماریان لابێت، دەشڵێ: "گەرچی ئەو كاراكتەرەی سوننەیش ببێتە سەرۆككۆمار لاوازیش بێت، بەڵام هەر وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بایەخی پێ دەدەن، چونكە سەرۆككۆمار تەعبیر لە ناسنامەی دەوڵەتی عێراقی دەكات، پارێزەری دەستوور دەبێت، بۆیە من پێم وا نییە ئێران بهێڵێت ئەو پۆستە بڕواتە دەستی سوننەوە، بەڵكوو پێی باشە لای كورد بێت، ئەگەر كورد بە ناچاری سەرۆكایەتیی كۆماری وەرگرتەوە، پێویستە كەسێكی باشترینی كاراكتەرەكانی بنێرێت، كە بتوانێت پارێزەری دەستوور بێت و ئەو لادانە دەستوورییانەی دژی كوردستان كراون، ڕێگەیان لێ بگرێت".
قوربانی، بەدەسهێنانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ كورد بە باش دەزانێت و دەشڵێت: "بە تایبەت بۆ ئەم خولەی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كە كێشە و گرفتی یاسایی و دەستووری دێنە پێشەوە، تا ڕێگە نەدرێت لە ڕێی ئەو یاسایانەی دێنە پێشەوە زوڵم لە خەڵكی كوردستان بكرێت، ئەویش لە ڕێگەی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە دەتوانرێت".
بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق، دكتۆر فازڵ نەبی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمجارە كورد دەنگی باشی بە دەست هێناوە، بە تایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان، كە ئەمە زۆر گرینگە، پێویستە كورد بە یەكدەنگ بچێتە بەغدا و پەلەیش نەكات لە دروستكردنی هاوپەیمانەتی بۆ حكوومەت، سەرەتا بزانرێت كێ حكوومەت دروست دەكات و بەرنامەیان چییە، چونكە هاتنی نوێنەری ئەمەریكا بۆ هەرێم و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك بارزانی، ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی كە، دەیانەوێت هەرێمی كوردستان بەهێزەوە بەشداری لە حكوومەتی عێراقدا بكات".
بەو پێیەی كورد رێژەیەكی باشی كورسیی بە دەست هێناوە، نەبی بۆچوونی وایە، ئەگەر یەكگرتوو بن، دەتوانن داواكاریی خۆیان بخەنە ڕوو و پۆستی گرینگیش وەرگرن، "بە رای من پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران لە پۆستی سەرۆككۆمار گرینگترە، چونكە پۆستی سەرۆككۆمار تەشریفاتییە و ناتوانێ هیچ بكات، بەڵام سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، دەتوانێت زۆر شت بكات، زۆر بڕیار دوا بخات و دەرینەكات".
بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ڕوونیشی كردەوە، جگە لەوە، كورد پۆستێكی وەزاریی سیادییشی بەردەكەوێت گوتیشی: "ئەوەی بۆ كورد گرینگە، وەزارەتی دارایی و نەوتە، ئەگەر ئەمجارە وەزارەتی نەوت وەربگرێت، زۆرێك لە كێشەكانی كورد لە بەغدا یەكلا دەبنەوە، چونكە كێشە داراییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە هۆی كێشەی نەوتەوە دروست بووە، بۆیە گەر كێشەی نەوت چارەسەر بوو، ئۆتۆماتیكی كێشەی دارایی چارە دەبێت".
نەبی، ئەوەیشی خستەڕوو، پێویستە كورد پێش ئەوەی بچێتە ناو حكوومەتەوە، كێشەی دارایی خۆی لەگەڵ بەغدا چارە بكات و بیكاتە مەرجێك بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتدا، هەروەها داواكارییەكانیشی لە بەرنامەی حكوومەتدا جێگیر بكات، چونكە دوای پێكهێنانی حكوومەت، پێویستیان بە كورد نامێنێت.
kdp _
