بەرپرسێکی پارتی: خەڵک تۆڵەی لە عێراقچییەکان کردەوە
عەلی تەتەر، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕايگەیاند: ”چوار ساڵی رابردوو، مانگی ئۆکتۆبەر بەدیاری کراوی هەڵسەنگاندنێکی باش بوو لەلایەن خەڵکەوە بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان، چونکە لەو ماوەیەی کە هەرێمی کوردستان لەلایەن حەشدی شەعبی و حکوومەتی عێراقەوە تووشی هەڕەشە بوویەوە، تاکە لایەن کە لە مەیدانی سیاسی و سەربازی مایەوە پارتی بوو، باشە جگە لە پارتی کێ لە گۆرەپانەکە مایەوە؟، کێ ئامادەبوو بەرگری لە خەڵک بکات؟“.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی، ئەوەشی خستە روو، کە کاتێکی هەرێمی کوردستان تووشی قەیران بوو، حکوومەتی عێراق، نوری مالیکی و حەیدەر عەبادی بوودجە و مووچەی خەڵکی کوردستانیان بڕی بۆ ئەوەی پارتی پێ لاواز بکەن، دواتر بۆ خەڵکی کوردستان دەرکەوت کە هەندێک لە لایەنە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان لە ئاستی سەرکردایەتی، وەزیرەکانیان، پەرلەمانتارەکانیان لە بەغدا ڕۆڵیان لە دروستکردنی ئەم دۆخە هەبووە، بۆیە خەڵکیش کاردانەوەیان هەبوو، دەشڵێت: ”سەرەڕای ئەمەش لایەنە سیاسییەکان بەربوونە پارتی و هێرشیان دەکردە سەر و ئەو بەرپرسیارێتییەش هەیان بوو لە ناو حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا جێیان هێشت، بۆیە خەڵکیش تۆڵەی خۆیان لەو لایەنانەی ڕۆڵیان لەم بابەتە هەبوو کردەوە“.
ئاشکراشی کرد، کە ئەو لایەنانە بە ئاشکرا لە کەناڵەکانی خۆیان باسی ئەوەیان دەکرد، کە داوایان لە حکوومەتی عێراق و مالیکی و عەبادی کردووە، بوودجە و مووچە نەنێرن، خەڵکێکیش گوێبیستی ئەم بابەتە بووە، چۆن دەبێ بێدەنگ بن بەرامبەر بە کەسێ، کە ئەم پیلانەی بەرامبەر خەڵکی کوردستان هەبێ؟.
پێشتر سەعدی پیرە گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی، ئاماژەی بۆ ئەوە کردبوو، کە ئەگەر لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان شەڕیان بکردایە، ئەوا ئەو ناوچانە وەک ڕەقە و مووسڵ وێران دەبوو، لەو بارەیەوە عەلی تەتەر، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی، گوتیشی: ”ئەگەر پارتی لە پردێ، عەین عوێز، مەخموور، مەحموودییە، تەلسقۆف بەرگری نەکردبا چی بەسەر هەولێر و دهۆک و زاخۆ دەهات؟، ئەمە پاساوێکی بێ بنەمایە کە دەڵێ شەڕمان نەکرد، بۆ ئەوەی وێران نەبێ، شەڕیان نەکرد ئینجا خورماتوو وەک ڕەقە و مووسڵی لێ هات، ئەگەر شەڕیان بکردبا ئێستا خورماتوو کەرکووکیش وەک هەولێر و سلیمانی و دهۆک و ئاوەدان بوو ، ئەوان شەرو بەرگریان نەکرد خیانەتیان کرد، بینیمان ماڵی کوردیان چۆن ئاگر تێبەردرا و ئەوەی بەسەر خورماتوودا هات کەمتر لە رەقەنەبوو“.
باسنيوز
