بزووتنەوەی گۆڕان فێرگەیەکی سەربازی دادەمەرزێنێت
دوای ئەوەی ئێوارەی ١٢ی مانگ لە کاتی بڵاوکردنەوەی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ھێزێکی چەکداریی کە گۆڕان دەڵێت ”هێزێکی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن“، پەلاماری مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانیان دا لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی. ئێستا بەشێکی زۆری بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان، جگە لەوەی بە چەکەوە دەوام دەکەن، بڕیارە فێرگەیەکی سەربازی بۆ ئەو کەسانە بکەنەوە کە ئامادەن بچنە نێو هێزە چەکدارییەکەی گۆڕانەوە.
هەر لەمبارەیەوە پێشتر عەبدوڵای کوێخا موبارەک، بەرپرسی مەکۆی چەمچەماڵی گۆڕان بە ئاشکرا خواستی خۆی بۆ درووستکردنی هێزی چەکداری بۆ بەرگری لە خۆکردنیانی دەربڕیبوو.
شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕانیش نەیشاردەوە کە بەهۆی ئەو هێرشەوە بۆچوونێک لەلای گۆڕانخوازان بۆ پێکهێنانی هێزێک ”بۆ بەرگریکردن لە خۆمان“ هەیە.
پێشتر ساڵح ژاژڵەیی، جێگری سەرۆکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: ”ئێمە ھەتاوەکوو بتوانین ھەوڵی ئەوە دەدەین ھێزی چەکدار دروست نەکەین، چونکە ئەوە ھیچ بەرژەوەندییەکی میللەتەکەمانی تێدا نییە، بەڵام ئەگەر زۆرمان بۆ بێت، بەدڵنیاییەوە گۆڕانخوازەکانمان چەکیان ھەیە و بەیانیی دەتوانین ھێزی چەکدار دروست بکەین، چونکە ڕۆژانە بە دەیان کەس داوامان لێ دەکات لیوایەکی سەربازی دروست بکەین، بەڵام ئێمە نامانەوێت ھێزی چەکدار دروست بکەین، چونکە لەگەڵ کوشتنی خەڵکدا نین و بێ گومان ئەوە پەیامی ڕاوانشاد بووە، دواجار ئێمە ھیوادارین نەگەینە ئەو ئاستەی کە ھێزی چەکدار بۆ خۆمان دروست بکەین“.
لە بەرامبەردا جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەکەی (٧٠)ی ھێزی پێشمەرگە کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ڕايگەیاند: ”من ناتوانم قسە لەسەر ئەوە بکەم کە ئایا چ لایەنێکی سیاسی ھێزی چەکدار درووستدەکات، بەڵام ئەوە پەیوەندی بە وەزارەتی پێشمەرگەوە ھەیە و پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە ھەڵوێستی لەسەر ئەو پرسە ھەبێت“.
باسنيوز
