حەشدی شەعبی لە ناوچەی داودە گوندێكی كوردنشینیان هاوەنباران كرد
بەپێی زانیارییەكان میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لەسەر زنجیرە چیای هەنجیرە لە خورماتوو هاوەنبارانی گوندی (شۆراو)ی ناوچەی داودەی خورماتوویان كردووە.
چاودێرانی دۆخی خورماتوو ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە مەبەست لەو كردەوەیەی حەشدی شەعبی بۆ ترساندنی گوندنشینانی سنووری ناوچەی داودەیە كە لە 50 گوندی كوردنشین پێكدێت.
محەمەد فایەق، بەرپرسی پێشووی ڕاگەیاندنی قایمقامییەتی خورماتوو، لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی کردووەتەوە، لە كاتژمێر 10:11 خولەكی شەوی چوارشەممە 16/5/2018، دوو تۆپی قورسی تۆپخانەكانی حەشدی شەعبی ئاراستەی گوندی شۆراو كرا.
میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 شاری و خورماتوو و پارێزگای کەرکووک، خانەقین و دەوروبەریان بە ڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكاری ناو یەكێتیی داگیر كرد و ئێستاش دۆخی ئەمنیی ئەو ناوچانە تێك چووە.
باسنیوز
