محەمەدی حاجی مەحموود لە شەڕدا قارەمانێتی و لە هەڵبژاردندا ساختەکاری بۆ دەمێنێتەوە
محەمەدی حاجی مەحموود، سەرۆکی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد کە ساختەکاری بەرامبەر بە لیستەکەی کرا. لەمبارەیەشەوە فەرماندەکانی پێشمەرگە و سەرکردەی چەند حزبێک، ئەم کارە بە ناهەقییەکی گەورە دەزانن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی ئایاری 2018
، محەمەدی حاجی مەحموود لە ڕاگەیاندراوێکدا جەختی لەوە کردەوە کە لە چەند ناوچەیەکدا، ساختەکاری بەرامبەر بە دەنگەکانی لیستەکەی کراوە.
لەمبارەیەوە عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیاند، ئەگەر پێوەرێکی ڕاستەقینە ھەبووایە، دەبوایە محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا لەشاری سلێمانی، پلەی یەکەمی بەدەست بھێنایە، چونکە ”سەرکردەیەکی قارەمان و تێکۆشەرە و عەتای کوڕی لە شەڕی تیرۆریستانی داعش شەھید کراوە، دابوایە ئەو سەرکردە قارەمانە خەڵات بکرایە، بەڵام بەداخەوە، نەوەکو خەڵات نەکرا، بەڵکو دەنگەکانی بەتاڵان دزرا“. جەختیشی کردەوە کە ”ئەوە زوڵمێکی گەورەیە لە محەمەدی حاجی مەحموود کراوە“.
باسیشی لەوە کرد کە محەمەدی حاجی مەحموود، شایستەی ئەو ساختەکارییە نەبووە، بەڵام: ”دواجار تەزویرەکەی یەکێتی تەنھا کاکە حەمەی نەگرتووەتەوە، بەڵکوو ئەگەر یەکێتی بتوانێ ساختەکاری لە دەنگەکانی حزبێکی گەورەی وەکوو پارتی دیموکراتی کوردستان بکات، بێگومان دەتوانێ بە ئاسانی ساختەکاری لە دەنگەکانی حزبی سۆسیالیست بکات“.
لەلایەن خۆیەوە حەمە ڕێگر، جێگری فەرماندەی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک - پردێ بە (باسنیو)ی ڕاگەیاند: "ئەو ساختەکارییانەی لە ھەڵبژاردنەکان بەرامبەر کاکە حەمەی حاجی مەحموود و حزبەکانی دیکەش کراوە، کارێکی ناڕەوا و قێزەونە، لەگەڵ ئەوەشدا کاکە حەمەی حاجی مەحموود پیاوێکی تێکۆشەرە و ھەموومان خۆشمان دەوێ، چونکە ھەم پێشمەرگەیە و ھەم یەکێک لە قارەمانترین کوڕەکانی لە لە شەڕی داعش لەپێناو بەرگریکردن لە کوردستان شەھید بوو".
ئەو فەرماندەی پێشمەرگە گوتیشی: "زانیاری هەیە پێش ئەوەی ھەڵبژاردن بکرێ، ئەو سندووقانەی کەرکووک، پردێ، دوبز، خانەقین و حەویجە براونەتە سلێمانی و پرۆگرام کراون، بەبێ ئەوەی کەس پەنجە بە مۆردا بکات، پێنج کورسی بۆ یەکێتی دانراوە، بۆیە یەکێتی نیشتمانی لەم ھەڵبژاردنەدا چەندان کورسی بە ساختەکاری دەست کەوتووە".
جێگری فەرماندەی میحوەری ڕۆژئاوای پردێ ساختەکارییەکەی یەکێتی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە ”کارێکی ناڕەوا“ لەقەڵەم دەدات و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: "بەو جۆرە متمانە بەدەست ناھێنرێ“.
bas news-
