هەولێر.. بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە کەسێک گیانی لەدەست دا
ئەمڕۆ چوارشەممە 16بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر، لە راگەیاندراوێکدا، لە پەیجی تایبەتی خۆی (Hawler Police) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، بڵاو کردووەتەوە، کە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پۆلیس ئاگادار کرانەوە بەبوونی ڕووداوێکی هاتوچۆ لە شەقامی 100 مەتر، دوای گەیشتنی پۆلیس بۆ شوێنی ڕووداو دەرکەوت کەوا کەسێک دوای ئەوەی کۆنتڕۆڵی ئۆتۆمبێلەکەی لەدەست دەدات خۆی بە هاووڵاتییەکدا کێشاوە.
لەم بارەیەوە سەمیر بەهرام مەجید، ئەفسەری بنکەی پۆلیسی سەروەران بە (پۆلیسی هەولێر)ی ڕاگەیاندووە، کەوا بەبوونی رووداوێکی هاتوچۆ ئاگادار کراونەتەوە، کەوا ئۆتۆمبێلێک لە هاووڵاتییەکی داوە بەناوی (شهاب سوارە)، لەئاکامدا لە شوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەست داوە
تەرمەکە هەڵگیراوە و ڕەوانەی پەیمانگای پزیشکی دادی کرا.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە، کە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم ڕووداوە کرایەوە، ئێستا تۆمەتبار بەناوی (ح. ی. م.) دەستگیر کراوە و پەڕاوەکە لەژێر لێکۆڵینەوە دایە.
باسنيوز
