پەرلەمانتارێکی پارتی: داوا دەکەین لە زۆنی سەوز دەنگەکان بەدەست بژمێردرێنەوە

  پەرلەمانتارێکی پارتی: داوا دەکەین لە زۆنی سەوز دەنگەکان بەدەست بژمێردرێنەوە
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی ڕای دەگەیەنێت، ئێمە لە سلێمانی و ناوچەکانی دیکە زوڵممان لێ کراوە و دەنگەکانمان کەمی کردووە و لە هەر کوێ و بنکەیەک گومان هەبێت داواکارین دەنگەکان بە دەست بژمێردرێنەوە.

نازم هەرکی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند: "لە سلێمانی زوڵممان لێ کراوە و ساختەکاری لە دەنگەکانی ئێمەشدا کراوە، چونکە ئێمە پێشبینیمان دەکرد، دەنگەکانمان زیاتر لە ١٠٠ هەزار دەنگ تێپەڕێنێت، بەهۆی ئەو ساختەکارییەی کراوە دەنگەکانمان کەمی کردووە، بۆیە ئێمە نیگەرانین لە ئەنجامی ئەو ساختەکارییە".

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ڕوونیشی کردەوە: "ئەوان پێشبینییان دەکرد، لە سنووری سلێمانی ڕێژەی کورسییەکانیان زیاتر لە دوو کورسی بێت، بەلام ئەوەی لەو سنوورەدا کراوە زوڵمە".

لەبارەی ئەوەی ئایا پارتی هاوشێوەی لایەنەکانی دیکە لەگەڵ ئەوە دایە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین دەنگەکان بەدەست بژمێردرێنەوە، نازم هەرکی گوتیشی: "بەڵێ، هەر سندووقێک هەست بەوە بکرێ کە ساختەکاری و تەزویری تێدا کراوە، یان هەر بنکەیەک گومانی ئەوەی لەسەرە کە ساختەی تێدا کراوە، حەق وایە بە دەست بژمێردرێتەوە".

جێگری سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایشی پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی شەش لایەنەکە لە هەولێر ئاماژەی بەوە کرد: "گومانی تێدا نییە ئەو ئازادییەی لە هەولێر و دهۆک هەیە، لە هیچ شوێنێکی دیکەی عێراق بە زۆنی سەوزیشەوە نییە، چونکە لەوێ باوی دیموکراسی نەماوە، لەگەڵ ئەوەشدا من هەست دەکەم بەردەوام زوڵم لە سلێمانی و خەڵکەکەی دەکرێت".










باسنیوز
Top