بۆ پەردەپۆشکردنی ساختەکارییەکان یەکێتی پێشنیازی پێدانی کورسییەک بە لایەنێک دەدا
لە سەرچاوەیەکی نێو بەرەی تورکمانییەوە لە کەرکووک دەستی کەوتووە، لەلایەن بەرپرسانی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پەیوەندییان پێوە کراوە و پێشنیازی ئەوەیان بۆ کراوە کە لە بەرامبەر بێدەنگیکردنیان و داخستنی دۆسیەی ساختەکارییەکان، یەکێتی ئامادەیە کورسییەکی پەرلەمانی عێراق بە بەرەی تورکمانی بدات.
هەمان سەرچاوە جەختی لەوە کردەوە کە ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە کەرکووک و سلێمانی کە بەهۆیەوە ئەنجامەکانی هەولێر و دهۆکیش دواکەوتوون، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە چاوەڕێ دەکرێت، یەکێتی چەند لایەنێکی سەرەکی لە لایەنە ناڕازییەکان قایل بکات.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کۆتاییهێنان بە ناڕەزاییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانیش، پەیوەندی بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە کردووە و تاوەکوو ئێستاش گفتوگۆ ژێر بە ژێرەکانیان لەگەڵ گۆڕان بەردەوامە، بە مەبەستی ڕازیکردنی گۆڕان بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.
لە یەکەمین ڕۆژی هەڵبژاردنەکان و پاش ئەوەی لایەنەکان ڕایانگەیاند کە ساختەکارییەکی زۆر لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە قازانجی یەکێتی لە کەرکووک و سلێمانی هەن. دواتر سەرجەم لایەنەکان ناڕەزاییان دەربڕی و پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای گەیاند کە بەوە ڕازی دەبن، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە دەست هەژمار بکرێت، بەڵام یەکێتی بەرگری لەو ئەنجامانە کرد کە بەشێوەیەکی بەرایی ڕاگەیاندراون.
باسنيوز
