چاودێران: دوو رێگە بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق هەیە
شوان محەممەد تەھا، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، گوتی: "بە ھۆی ئەوەی ھیچ ھاوپەیمانییەک نەیتوانیوە ڕێژەیەکی بەرچاوی کورسییەکانی پەرلەمان بە دەسبێنێت، پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیش دوا دەکەوێت، چونکە پێنج ھاوپەیمانی لە عێراقدا ھەن و ھەمووشیان دژی یەک کاردەکەن، واتە گەیشتن بە رێكکەوتن ئەستەمە لە کاتێکی زوودا، لەبەر ئەوەش پێشبینی دەکرێت پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق زیاتر لە جاری پێشوو دوا دەکەوێت".
پڕۆفیسۆر خەلیل ئیسماعیل، پسپۆری سیاسی، گوتی: "دوو رێگە بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق هەیە، یەکەمیان زۆرینەی سیاسییە، کە شکستی ھێنا و سەرینەگرت، رێگەی دووەم، رێكکەوتنی سیاسی نێوان لایەنەکانە."
ناوبراو هۆکاری شکستی پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، لایەنە رکابەرەکان نەیانتوانیوە کورسی زۆر بە دەست بێنن، ئەوەش بە بەڵگە ناو دەبات کە زۆرینەی سیاسی لە عێراقدا سەرکەوتوو نابێت."
ئەوەش روون دەکاتەوە، كه بە پێی دەرەنجامە بەراییەکان، بەبێ رێكکەوتنی سیاسی حکوومەتی عێراق دروست نابێت و پێویستە رێکكەوتن بکرێت، چونکە بەبێ ھەرسێ پێکھاتەکەی عێراق حکوومەتی نوێ شکست دێنێ."
لە بارەی رۆڵی کورد لە پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، شوان محەممەد تەھا روونی دەکاتەوە، لایەنە عێراقییەکان بەبێ کورد دەتوانن حکوومەت پێک بێنن، بەڵام پڕۆسەی سیاسی لە عێراق بەبێ کورد بەڕێوە ناچێت و سەرکەوتوو نابێت، لەبەر ئەوەی بە پشتگوێ خستنی کورد، پرۆسەی سیاسی عێراق تەواو نابێت.
باسنيوز
