پەرلەمانتارێکی ئاکەپە: ئەنقەرە خەریکی راستکردنەوەی هەڵەکەیەتی بەرامبەر هەولێر
بەپێی هەواڵی میدیا تورکییەکان، ئۆرهان میرئۆغڵو، پەرلەمانتاری کورد لە فراکسیۆنی ئاکەپە رایگەیاندووە، بە دژایەتیکردنی کورد، تورکیا ناتوانێ هیچ هەنگاوێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بهاوێژێت.
ئۆرهان میرئۆغڵو بە ئاماژەکردن بەوەی ئێستا تورکیا خەریکی راستکردنەوەی سیاسەتە هەڵەکەیەتی، رایگەیاندووە، حکوومەتی تورکیا هەڵەی بەرامبەر سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستان لە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کرد.
ئەو پەرلەمانتارەی ئاکەپە، کە خەڵکی شاری مێردینە لە باکووری کوردستان، پێی وایە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و هەولێر لە بەرژەوەندیی تورکیایە.
دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە 25ـی ئەیلوولی 2017، کە تێیدا زیاتر لە %92ـی بەشداربووان دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق دا، حکوومەتی تورکیا کاردانەوەیەکی توندی بەرامبەر هەرێمی کوردستان ئەنجام دا و دژایەتیی خۆی بۆ ئەو ریفراندۆمە راگەیاند.
باسنیوز
