عەلی حەمەساڵح: ئەوەی رووی دا بەسەر یەکێتییەوە ناچێت
لەبارەی ھێرشەکانی یەکێتیی نیشتمانی بۆ سەر گردی زەرگەتە و گۆڕان عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان ڕايگەیاند: ”ئەوەی کرا میلیشیاکانی یەکێتی بوون، چونکە ھەموو کەس دەزانیت لە سلێمانی کێ دەسەڵات و ھێزی ھەیە، ئەگەر وانییە بە ئاڵای سەوزەوە بۆ نەگیران؟، لە چەند ڕۆژی ئایندەدا گۆران ناسنامەی ھەموویان ئاشکرا دەکات و دەیاندەینە دادگا، بۆیە ئەمە بەسەریاندا ناچێت“.
پەرلەمانتارەکەی گۆڕان، ئەوەشی خستە روو، کە دوو ھۆکار ھەبووە بۆ ھێرشەکە، یەکەمیان کۆبوونەوەی چوار لایەنەکە لە گردەکە ھەبوو، بۆیە ئەم پەلاماردانە بەشێوەیەک لە شێوەکان دەچێتە چوارچێوەی کودەتاوە، دووەم بۆ ئەوەبوو کە پەلاماری کەناڵی (KNN) و دۆخەکە بدەن، تا فۆکس لەسەر ساختەکارییەکان کەم بێتەوە و ساختەکارییەکانیان بۆ بچێتە سەر.
ئاشکراشی کرد، کە ئەم ساختەکارییە بەشێوەیەکی ڕێکخراو کراوە، بۆیە ئەوان ئەنجامەکانی ڕەت دەکەنەوە، هەروەها لە ناوچە کوردستانییەکان و بەتایبەت کەرکووک ساختەکاری ڕێکخراو کراوە، بۆیە ئەوان لەوێش ئەنجامەکەی ڕەت دەکەنەوە، سەرلەنوێ ئەنجامدانەوەی پڕۆسەکەش بە باشترین چارەسەر دەزانن، دەشڵێت: ”خەڵکی کوردستانیش دڵنیا دەکەینەوە کە بەھیچ شێوەیەک ناچینە ژێر باری ئەمە و بەھیچ شێوەیەکیش ئەمری واقیع قبوڵ ناکەین، چونکە ئەمە ئەمری واقیع نییە و ساختەکارییەکی گەورەی ڕێکخراوە“.
عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان، گوتیشی: ”گۆڕان لە ئاستی ئەمەدا بێدەنگ نابێ و ھێزیکی ترسنۆک نییە و ھێزێکی مەدەنین، خەڵکی سلێمانیش دەنگدەری ئێمەن، بەڵام ئێمە نامانەوێت کە خوێن لە پەنجەی مندالێکیش بێت، بەھۆی ھەڵسوکەوتی چەند شەلاتییەکەوە، بۆیە ئێمە بەدڵنیاییەوە ھەنگاوی دیکەمان دەبێت“.
دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان لە پارێزگای سلێمانی، سەرجەم حزبەکان جگە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیان ڕاگەیاند کە ئەنجامەکان ناواقیعین و ساختەکاری لە بەرژەوەندی حزبێک کراوە، بەڵام لە بەرامبەردا ئاڵۆزییەک لە سلێمانی ڕووی دا و بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەی ڕاگەیاند کە هێزێکی سەر بە لاهوور جەنگی، پەلاماری گردی زەرگەتەی گۆڕانیان داوە.
باسنيوز
