گۆڕان: ئەو دەنگەی یەکێتی لە سلێمانی هێناویەتی بەرامبەر بە فرۆشتنی کەرکووکە
عادل عەزیز، پەرلەمانتاری کوردستان لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، رياگەیاند: ”بزووتنەوەکەمان سوورە لەسەر رازی نەبوون بەو دەرئەنجامەی کە لەشاری سلێمانی راگەیەندراوە، چونکە ئەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە شاری سلێمانی، لە بەرژەوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکلایی کراوەتەوە و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەم روویەوە رۆڵی ھەبووە“.
پەرلەمانتارەکەی گۆڕان، ئەوەشی خستە روو، کە رێککەوتنێک لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەبووە، دەشڵێت: "ئەو راستییەی کە ناشاردێتەوە ئەوەیە لەرێگەی ھەڵبژاردنەوە کەرکووک بە مەرجی وەرگرتنی سلێمانی، فرۆشراوەتە ئێران".
ئاشکراشی کرد، ئەگەر کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، وەڵامیان نەدەنەوە، ئەوا ”زۆر“ بژاردەی دیکە لەبەردەم بزووتنەوەی گۆڕاندا ھەیە، کە یەکێک لەوانە ”کشانەوەیانە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق".
ئێوارەی دوێنی شەممە ١٢\٥\٢٠١٨، دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکان لە پارێزگای سلێمانی، سەرجەم حزبەکان جگە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیان ڕاگەیاند کە ئەنجامەکان ناواقیعین و ساختەکاری لە بەرژەوەندی حزبێک کراوە.
باسنيوز
