یەکێتی ڕێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی گومانەکان لەسەر سلێمانی بەکار دێنێ
پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، سەرجەم حزبەکانی کوردستان جگە لە یەکێتی، ئەوەیان ڕاگەیاند کە ئەنجامەکان ناواقیعین و ئەو دەنگانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێناویەتی، یەکجار زۆرترە لەوەی لەواقیعدا دەیهێنێت. بەو هۆیەشەوە هێزێکی سەر بە لاهوور جەنگی، پەلاماری گردی زەرگەتەی گۆڕانی دا و دواتر ئاڵۆزی دروست بوو کە تاوەکوو ئێستاش نیگەرانییەکان بەردەوامن.
ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەوڵ دەدات، لە ڕێگەی تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی هەولێر، گومانەکان لەسەر پێشێلکاری و ساختەکارییەکانی سنووری سلێمانی کەم بکاتەوە.
لەم چوارچێوەیەشدا ئێستا مەڵبەند و ڕێکخستنەکانی یەکێتی لە سنووری هەولێر، هەوڵی دۆزینەوەی چەند بیانووێک دەدەن، تاوەکوو تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی هەولێر بدەن.
لە کاتێکدا پێشتر پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی ئەوەی ڕاگەیاندووە کە ناڕەزاییان بەرامبەر بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەیە و بەوە ڕازین، دەنگدان لە تەواوی کوردستاندا بە دەست بژمێردرێتەوە.
باسنيوز
