ئەنجامە بەراییەكانی هەولێر بۆ پارتی دڵخۆشكەرن
لە زۆربەی بنكەكانی دەنگداندا لە هەولێر، ئەوانەی ئەنجامەكانیان بڵاوكراوەتەوە، تا ئێستە پارتی دەنگەكانی زیادی كردبێت لە چاو هەڵبژاردنی چوار ساڵی رابردوودا، كەمی نەكردووە.
لە بەرامبەریشدا كە چاوەڕوان دەكرا كێبەركێ و رەگەزی شۆك لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردندا لەلای لیستەكەی هاوپەیمانی دكتۆر بەرهەم ساڵحەوە بێت بەرانبەر یەكێتی، وا دەرنەچووە، بەڵكو پێدەچێت لیستی نەوەی نوێ لە هەولێر دەنگێكی زۆری بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی و یەكگرتووی ئیسلامیشی بردبێت.
تا ئێستە ئەنجامە لاوەكییەكان لە هەولێر بەشێوەیەكن، نەوەی نوێ زیاتری هێناوە لەوەی چاوەڕوانی لێ دەكرا، هەریەك لە گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی بەڕێژەیەكی زۆر دەنگەكانیان كەمی كردووە، بەشێوەیەك هەردوولا بە نافەرمی ئەنجامەكانیان رەت كردووەتەوە.
هەروەها لیستی هاوپەیمانی دكتۆر بەرهەم ڕێژەیەكی زۆر كەمتری هێناوە لەچاو لیستی نەوەی نوێ.
ئەمڕۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بەگوێرەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، چاوەڕوان دەكرێ ئێوارەی سبەی یەكشەممە تەواوی ئەنجامە بەراییەكان بڵاوبكرێنەوە.
bas news -
