ئیسرائیل مەرجی وەستاندنی بۆردومانکردنی سووریا ئاشکرا دەکات
رۆژی شەممە 12/5/2018، ئەڤگیدۆر لیبەمان، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە میانی سەردانێکیدا بۆ بانی جۆڵان لە ئیسرائیل لە نزیک سنووری سووریا، رایگەیاندووە، پێویستە رژێمی سووریا هێزە ئێرانییەکان لەسەر خاکەکەی دەربکات.
ئەڤگیدۆر لیبەرمان ئاشکرای کردووە، کە ئەگەر سوپای قودسی ئێرانی و قاسم سولەیمانیی فەرماندەکەی لە سووریا دەربکرێن، ئەوا فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەی ئیسرائیلی چیتر بۆردومانی ناوبەناوی سووریا ناکەن.
تا ئێستا سوپا و فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەندین بنکە و بارەگای هێز و میلیشیا ئێرانییەکانیان لە سووریا بۆردومان کردووە و بەهۆیەوە چەندین چەکدار و فەرماندەی ئێرانی کوژراون.
لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ناردنی چەک و تەقەمەنی و میلیشیای چەکداری، هاوکاریی رژێمی سووریا دەکات.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز
