خورماتوو.. بەشێك لە هاووڵاتییانی كورد جارێكی تر ئاوارە بوونەوە
لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە رێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكاری ناو یەكێتیی شاری خورماتوویان داگیركرد، كوردەكانی خورماتوو ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و بەشێك لە هاووڵاتییانی ئاوارەی خورماتوو گەڕابوونەوە بۆ شارەكەیان، بەڵام لەگەڵ نزیكبونەوە لە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئهنجومهنى نوێنهرانى عێراق، جارێكی تر كوردهكانى ئهو شاره ئاوارە بوونەوە.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە خورماتوو كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، ڕايگەیاند: "میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەنگۆی ئەوەیان بڵاو كردەوە كە لە رۆژی هەڵبژاردندا ژمارەی چەكدارەكانیان لە ناو خورماتوو زیاد دەكەن، چونكە ئەگەری تێكدانی دۆخی ئەمنی هەیە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كە بەشێكی زۆری خەڵكی خورماتوو بە تایبەت كوردەكان، بەرەو هەرێمی كوردستان ئاوارەببنهوه".
لەم بارەیەوە، ئەمیرە زەنگەنە، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕايگەیاند: "حەشدی شەعبی ئێستا ئیستیغلالی ئەو دۆخە نالەبارە دەكەن كە لە خورماتوو دروستیان كردووە، تائێستا بەشێكی كەم لە ئاوارەكان گەڕاونەتەوە بۆ خورماتوو و ئەوانەشی كە گەڕاونەتەوە، حهشدى شهعبى دهیهوێت جارێكی تر ئاوارەیان بكەنەوە بۆ ئەوەی بە ئارەزووی خۆیان ساختهكاریی لە هەڵبژاردندا بكهن".
ئەوەشی خستەڕوو، كه: "سنوری كەركووك و خورماتوو لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە ئارام نییە و رۆژ لە دوای رۆژ كوشتن و بڕین و رفاندن زیاتر دەبن ئەمەش بۆ ئەوە دەكەن كە كورد لەو شارانە نەمێنێت، بۆ ئهوهى لە كاتى دەنگداندا بتوانن كارێكی وا بكەن دەنگ بۆ كاندیدە شیعەكانی ناو لیستە جیاجیاكان بە رێگای نا یاسایی كۆبكەنەوە".
باسنيوز
