نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا، هیوایان خواست، به‌ دیالۆگێكی جیددی بۆ دامه‌زراندنی حكوومه‌تێكی نوێ له‌ عێراق كار بكرێ

 	 نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا، هیوایان خواست، به‌ دیالۆگێكی جیددی بۆ دامه‌زراندنی حكوومه‌تێكی نوێ له‌ عێراق كار بكرێ
له‌ دیداریدا له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، نێچیرڤان بارزانی دووپاتى كرده‌وه‌، كه‌ هه‌وڵی جیددی ده‌ده‌ن لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی داهاتووی عێراق وه‌ك بلۆكێكی به‌هێز، یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگیی خۆیان بپارێزن و پته‌وتری بكه‌ن.


پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 10/5/2018، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی كرد له‌ دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری.

له‌ دیدارێكدا هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد و هیوایان خواست، ڕێكوپێك و دیموكراسیانه‌ به‌ڕێوه ‌بچێت و دوای هه‌ڵبژاردنیش لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ده‌ست به‌ دیالۆگێكی جیددی بۆ دامه‌زراندنی حكوومه‌تێكی نوێ له‌ عێراق بكه‌ن به‌ شێوه‌یه‌ك سه‌قامگیریی سیاسی و ئه‌منی و په‌ره‌پێدانی ئابووریی وڵات به ‌داوی خۆیدا بهێنێت.

سیلیمان هیوای خواست لایه‌نه‌ كوردییه‌كان یه‌كده‌نگی و یه‌كڕیزی و سه‌نگ و هێزی خۆیان له‌ به‌غدا بپارێزن و ڕۆڵێكی به‌رچاویان له‌ سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردن‌ و پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتووی عێراق هه‌بێت.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌ ڕێكوپێكی به‌ڕێوه‌چوونی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و هیوای خواست، پرۆسه‌ی ده‌نگدانیش له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراق به‌ هه‌مان شێوه‌ ‌ئه‌نجام بدرێت.

نێچیرڤان بارزانی دووپاتى كرده‌وه‌، كه‌ هه‌وڵی جیددی ده‌ده‌ن لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی داهاتووی عێراق وه‌ك بلۆكێكی به‌هێز، یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگیی خۆیان بپارێزن و پته‌وتری بكه‌ن.

تاوتوووكردنی چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به‌ بارودۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.
kdp -
Top