نێچیرڤان بارزانی: دڵنییا بن دۆخی كوردستان له دۆخی پێش داعش باشتر دهكهینهوه.. سەرەڕای سەختییەکان نەمانهێشت کوردستان لەت بکرێ
ئەمڕۆ لە پاركی شانهدهر له هەولێر، پارتی دیموکراتی کوردستان ئاهەنگێکی جەماوەری به هبشدارانی ههزاران لایهنگر و ههواداری پارتی، بۆ ناساندنی کانیدانی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ ئەنجام دا.
لهو كهرنهڤاڵهدا نێچیرڤان بارزانی جێگری سهرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان وتاری دا، ئهمه دهقهكهیهتی:
ئامادەبووانی بەڕێز
کوردستانییانی خۆشەویست
ئێوەی بەڕێز کە لەم گردبوونەوە جەماوەرییە ئامادەن، یان لە ڕێگەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە سەیرمان دەکەن و گوێمان لێ دەگرن، ئێوارەتان باش و هەموو لایەکتان بەخێر بێن سەرچاوان.
ڕێز و سڵاو و خۆشەویستیی جەنابی سەرۆک بارزانیم بۆ هەموو لایەکتان پێیە و هەموو بەخێر بێن.
خۆشەویستان
ئێمە کەمتر لە دوو ڕۆژمان ماوە بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی عێراقی فیدرالدا. ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەرێمی کوردستان ڕووداوێکی گرنگە کە ڕەنگە هاوپەیمانێتیی سیاسیی تازە لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا دروست ببن، ئەمەش کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان و ژیانی خەڵک دەبێ.
کێشەی کوردستان کە لە عێراق ناوی کێشەی کوردییە، ئێستا ئەو کێشەیە، وەک کێشەیەک بۆ گەلی کوردستان دەمێنێتەوە.
بەپێی دەستووری عێراقیش چارەسەر نەکراوە، ئەو دەستوورەی ساڵی ٢٠٠٥ پێکەوە نوسیمان و دەنگمان بۆ دا. لەبەر جێبەجێ نەکردنی دەستوور، ئێستا کێشەکە ناوەکەی بۆ کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا گۆڕا.
ئێمە لێرە بە هەموو هاوبەشە عێراقییەکانمان دەڵێین، بە جێبەجێنەکردنی دەستوور پەیوەندیتان لەگەڵ کوردستان لاواز کرد. بڕیاری باری ئەمنیی عێراق و دەسەڵاتی نیشتمانیی عێراقتان تێکدا، لە ئەنجامدا زۆرترین ڕێژەی نەخوێندەواری و بێکاری و هەژاری لە عێراق دروست بوو. ئەمریکا و بەریتانیا و هاوپەیمانان کە چاودێریی نووسینەوەی دەستووری عێراقیان دەکرد، چەندینجار لەکاتی دامەزراندنی حکوومەتەکانی عێراق بەڵێنیان دا کە چاودێریی جێبەجێکردنی دەستوور دەکەن. لێرەوە پێیان دەڵێین لەپێش چاوتانە بە بەڵگەوە کە دەستووری عێراق جێبەجێ نەکرا. ئیتر نابێ چیتر جێبەجێنەکردنی دەستوور پشتگوێ بخەن. چونکە تێکچوونی دۆخی ئەمنی کاریگەریی خراپ لە ناوچەکە و عێراق و کوردستان جێدەهێڵێت.
کێشەی سەرەکیی ئێمە جێبەجێنەکردنی ماددەی ١٤٠ە کە لە ساڵی ٢٠٠٥ گەلی عێراق دەنگیان بۆ دا.
لە سەردەمی برێمەرەوە کە 12 ساڵ زیاترە، داوای چارەسەری دەستووری بۆ چارەنووسی خاک و خەڵکی خۆمان دەکەین، لە چوارچێوەی عێراقدا.
کێشەی دووەمی ئێمە کێشەی بەشی کوردستانە لە داهاتی گشتی. نامانەوێ باسی ڕابردوو بکەین و کۆنە دەفتەر هەڵدەینەوە، بەڵام دەبێ باسی ئەوە بکەین کە بەغدا بەردەوام خۆی لە ئەرکەکانی لە ئاستی هەرێمی کوردستان دزیوەتەوە، هەندێک جاریش کێشەکانی کوردستانیان بۆ ململانێی خۆیان لە بەغدا بەکار هێناوە، یان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دژی هەرێمی کوردستان بەکاریان هێناوە.
دوای ئەم هەڵبژاردنە، کە حکوومەت و پەرلەمانی عێراق دروست دەکرێ، ئێمە بۆ ماف و بەشی کوردستان لە داهاتی گشتی، دەگەڕێینەوە عێراق و دەست بە دانوستاندن دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستوورییانەی کە تائێستاجێبەجێ نەکراوە. دەمانەوێ بەشە بودجەی کوردستان بە تەواوی بدرێ و مووچە و پێویستییەکانی پێشمەرگە دابین بکرێ و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی مافەکانیان پێ بدرێ. عێراق پابەندییەکانی بەرامبەر بە فەرمانبەران و خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکات و جیاوازی نەکات.
دەمانەوێ هەروەک لە دەستووری عێراقدا هاتووە، دەستەی گشتیی چاودێریکردنی دابەشکردنی داهاتە فیدرالییەکان دروست بکرێ و بەشی کوردستان لە قەرزی نێودەوڵەتی و یەدەگی نەختینەیی عێراق بدرێ و بودجەی پێویست بۆ پڕۆژەکانی کوردستان تەرخان بکرێ. دەمانەوێ قەرەبووی ناوچە زیانلێکراوتووەکانی دەست سەردەمی بەعس بکرێتەوە کە لەلایەن دادگای تاوانەکانی عێراقەوە دیاری کراون.
دەمانەوێ بەپێی دەستوور نەوت و غاز بەرهەم بهێنین و سیاسەتی ستراتیژیی نەوت و غازی عێراق بە هاوبەشی دابنێین، وەک لە دەستووردا هاتووە.
دڵنییاین ئێمە دەتوانین باری ئابووریی خەڵکی کوردستان باش بکەین و هەنگاوی باشمان لەمبارەیەوە ناوە، لەبەر ئەوەی خاوەن مافین و ڕاستی و حەق بەلای ئێمەدایە، دڵنیا بن کە لە ئەنجامدا هەر کوردستان سەردەکەوێت و باری ئابووریی کوردستانیش بەرەو باشی دەڕوات.
دڵنیا بن لەوەی دۆخی ئابووری لە کوردستان لە پێش شەڕی داعش چۆن بوو، زۆر باشتری دەکەین. پاشەکەوتی مووچەمان زۆر کەمکردۆتەوە، پشت بەخوا داهاتی کوردستان زیاد دەبێ و پاشەکەوتی مووچە بە تەواوی نایەڵین.
لە کابینەی پێنجەمدا پێشینەی هاوسەرگیری و جووتیارانمان خستە نێو بودجەوە و دەتوانین ئەو پێشینانە دەست پێ بکەینەوە، ئەگەر ئارامی و تەباییمان هەبێ، باری داراییمان باشتر دەبێ.
لە شەڕی داعش، زۆر ناوچەی کوردستان زەربەی گەورەیان بەرکەوت، لە سەرووی هەموویانەوە شنگال کە ئەو بێویژدانییەی لەو ناوچەیە بەرامبەر بە خوشک و برایانی ئێزدی کرا، گەلی کوردستانی تووشی شۆک کرد. داوا دەکەین چاوێکی بەرپرسیارانەی لەئاست ئەو کارەساتە گەورەیە هەبێ کە ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند.
دەمانەوێ حکوومەتی عێراق دۆخی ناوچە دابڕاوەکان بکاتەوە و قەرەبووی خەڵکی شنگال و مەخموور و دەشتی نەینەوا و سەعدیە و جەلەولا و خورماتوو بکاتەوە و ئێمەش بە هەموو شێوەیەک هاوکار دەبین.
kdp -
