شێوازی بانگەشەی پارتی، کاریگەریی لەسەر زیادبوونی دەنگەکانی دەبێت

 شێوازی بانگەشەی پارتی، کاریگەریی لەسەر زیادبوونی دەنگەکانی دەبێت
ھاووڵاتیان و چاودێران پێیانوایە، بە هۆی ئەوەوە کە لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەدا پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بانگەشەی لیستی ١٨٤ بە شێوەیەکی سەردەمیانە کردووە، کاریگەریی لەسەر زیادبوونی دەنگەکانی پارتی دەبێت. کۆمسیۆنیش دەڵێ، ئەمساڵ بەراورد بە ھەڵبژاردنەکانی رابردوو زۆر باشتر بووە.

رەمەزان موحسین، قوتابیی ماستەر و دانیشتوی شارەدێی پیرمام، رايگەیاند "بە چاوی خۆم بینیوم پارتی جیاواز لە ھەموو لیستەکانی دیکە بانگەشەی بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردن بەڕێوە بردووە، ئەمەش زیاتر بووەتە ھۆی ئەوەی پارتی سەرنجی خەڵێکی ناپارتییش بۆخۆی رابکێشێت. پێموایە پارتی حزبێکی گەورەیە و ئەمجارە گەورەیی سەلماند لەوەی بەشێوەیەکی زۆر مەدەنیانە بانگەشەی ئەنجام دا و ھاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو."

رۆشنبیرێک جەختی دەکاتەوە لەوەی، کە سەرەڕای ئەوەی پارتی بە بەر ھێرشێکی گەورەی تیروری فکری کەوتووە لەلایەن حزبە دژبەرەکانییەوە، بەڵام ڕاگەیاندنی پارتی جیاواز لە ڕاگەیاندنی حزبەکانی تر، زور بە ھێمنانە و دیموکراتیانە بانگەشەی ھەڵبژاردن دەست پێ کردووە.

ھادی خەرجی گوتیشی، "لەگەڵ ئەوەشدا کە پارتی بەڵگەی حاشاھەڵنەگری لەبەر دەستن بۆ هێرشکردن نا بەڵکوو وەڵامدانەوەی هێرشکاران، بەڵام پارتی بۆ ئاڵوزنەبوونی دۆخی ناخۆی ھەرێمی کورستان و پاراستنی یەکڕیزیی نێوماڵی کورد، سەبری ئەییووبی بەکار ھێناوە لەو بانگەشەیەدا."

ئەو کە وەک خۆی دەڵێ نزیکایەتیی لەگەڵ لایەنگر و دەنگدەری پارتیدا هەیە، "سەرنجم لەوەش داوە، کە ھەرچەندە بەشێکی زۆری ئەندام لایەنگرانی پارتی نیگەرانن لەو نەرمینواندنەی ڕاگەیاندنی پارتی، بەڵام دیسان ئەو جارەش پارتی کوردایەتی لەپێش حزبایەتی داناوە و، بانگەشەیەکی مودێرن و ھێمنانە بو لیستەکەی خوی بەڕێوە دەبات."

رێبوار ستار عزیزی فەرمانبەر لە زانکۆی سۆران وەها ڕای خۆی لەبارەی شێوازی بانگەشەی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ "ڕای من لەسەر بانگەشەی ھەڵبژاردنی نوێنەڕانی پەرلەمانی عێراق، ئەم جارە حزبی پارتی دیموکراتی کوردستان بە شێوەیەکی جیاواز پرۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردن بەرێوە دەبات، بانگەشەکەی لە بارەگا حزبییەکان و ھۆڵەکانە و سەردانی ماڵی شەھیدان و پێشمەرگە دێرینەکان و ھتد... کردووە. هەڵبەت من ئەم جۆرە بانگەشانەم پێ پەسندترە لەو سیستەمە تەقلیدیانەی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەکاری دێنن."

نیوار باشووری، رۆژنامەنووسیش کە دانیشتووی شاری دھۆکە لەوبارەوە گوتی "بانگەشەی پارتی لە شاری دھۆک زۆر باشترە لە ھەڵبژاردنەکانی رابردوود، چونکە زیاتر سەردانی ماڵی ئەندام و لایەنگرانی خۆیان دەکرد و کەمتر دەچوونە نێو بازاڕ و شوێنە قەرەباڵغەکانەوە، خۆنزیککردنەوە لە جەماوەر ھەنگاوێکی باش و سەردەمیانەیە لە بانگەشەی ھەڵبژاردندا."

وەک ئەو ڕٶژنامەنووسە گوتی "پارتی خاڵێکی دیکەی جیاوازی لە ھەموو لیست و لایەنەکانی دیکەی پەیڕەو کرد، ئەویش وەڵامنەدانەوەی ھەندێ کەس و لایەنە، ھیوادارین لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوویش ھەمان سیسمەم سیاسەت پەیڕەو بکات."

مازن عەبدولقادر، سەرۆکی دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان رايگەیاند "بانگەشە بە شێوەیەکێ باش بەڕێوە چووە و تا ئێستا ٧٠ سکاڵا تۆمار کراون، بەڵام سکاڵاکان زیاتر لەسەر پۆستەری کاندیدەکان بوون، لەبەر ئەوەش پێشێلکاریی زۆر گەورە رووی نەداوە، ھەرچەندە تەمای ئەوەمان دەکرد پێشێلکاری ھەر نەکرێت، لەگەل ئەوەشدا خەریکە پڕۆسەکە بەرەو کۆتایی دەچێت و ئەمساڵ بەراورد بە ھەڵبژاردنەکانی رابردوو زۆر باشتر بووە."









باسنيوز
Top