له‌ سلێمانی، به‌ كەرنەڤاڵێك كۆتایی به‌ بانگه‌شه‌ ده‌هێنێ.. پارتی كورسییەكانی زیاد دەبن

 له‌ سلێمانی، به‌ كەرنەڤاڵێك كۆتایی به‌ بانگه‌شه‌ ده‌هێنێ.. پارتی كورسییەكانی زیاد دەبن
بە بۆنەی كۆتاییهاتنی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانەوە، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ و به‌ به‌شداریی جه‌ماوه‌ری پارتی، كەرنەڤاڵ ساز دەكرێت. بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتییش لە سلێمانی دەڵێ، رۆژانە بە دەیان كەس پەیوەندی بە ڕیزەكانی پارتییەوە دەكەن، هۆكاری پەیوەندیكردنی ئەو خەڵكە بە ڕیزەكانی پارتییەوە، بۆ هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانیی پارتی دەگەڕێتەوە.

پارتی دیموكراتی كوردستان، بە لیستی 184 و لەژێر درووشمی ''دەستكەوتی زیاتر بۆ كوردستان''، دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن كردووە و، بڕیاریشە ئەمشەو سەعات 12، كۆتایی بە بانگەشەی هەڵبژاردن بێت.

كه‌رنه‌ڤاڵه‌كه‌، ئەمڕۆ سەعات چواری ئێوارە لە هۆڵی تەلار لە شاری سلێمانی بوڕێوه‌ ده‌چێت و، تێیدا كاندید و بەرپرس و جەماوەری پارتی بەشداری دەكەن.
دانا محەممەد جەزا كاتب، كارگێڕی لقی چواری پارتی لەو شارە، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بانگەشەی لیستی 184ی پارتی، بە بێكێشە و بە هێمنی بەڕێوە چووە و هیچ پێشێلكاریمان ئەنجام نەداوە و زێدەڕۆییشمان لەسەر هیچ قەوارە و كاندیدێك نەبووە، بەڵكوو تەنها باسی چالاكی و دەستكەوتەكانی پارتیمان كردووە".

ڕزگار ئەژی گۆران، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی لە سلێمانی و سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق، ده‌ڵێ، هاتنی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی بۆ سنووری سلێمانی، گوڕوتینێكی زۆری دا بە ڕێكخستنەكانی پارتی و، بۆ خەڵك ڕوون بوویەوە كە ئەو حزب و لایەنانە تەنیا بۆ مەرامەكانی خۆیان ئەوان بە كار دەهێن، بۆیە ئێستا خەڵك زیاتر رووی لە پارتی كردووە و رۆژانە چەندین كەس لە ناوچە جیاجییەكانی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە پەیوەندی بە ڕیزەكانی پارتییەوە دەكەن.

گۆران گوتیشی: ''پارتی ئەو ڕەشماڵە گەورە و فراوانەی كوردایەتییە كە شوێنی هەموو كەسێكی تێدا دەبێتەوە، بۆیە دەنگی پارتی لە سنووری سلێمانی زیاد دەبێت، بەوەش ژمارەی كورسییەكانمان زیاتر دەبن لە جاران، كە هەموو هەوڵەكانی پارتی بۆ یەكڕیزیی نێو ماڵی كورد بووە، هەنگاوەكانی ڕابردووی دیار بووە، پارتی هیچ كاتێك لەگەڵ پەرتەوازەیی نێو ماڵی كورد نەبووە، هەر بۆیە لە دوای هەڵبژاردنەكانیش هەوڵدەدات كورد بە یەكگرتووی روو لە بەغدا بكات".









KDP
Top