بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆن: نووسراوی لەکار لادانم بۆ نەهاتووە

 بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆن: نووسراوی لەکار لادانم بۆ نەهاتووە
بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕای گەیاند، تائێستا نووسراوی لەکار لادانی بە شێوەیەکی فەرمی پێنەگەیشتووە و بڵاوکردنەوەی ئەو بابەتەش لە میدیاکانەوە بە ”ناوزڕاندن“ دەزانێت.



پاش ئەوەی لە میدیاکانەوە دەنگۆی لەکار لادانی عەلی قادر، بەڕێوەبەری ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنی عێراق بڵاو کرایەوە. عەلی قادر بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، فەرمانی دوورخستنەوەی لەرێگەی راگەیاندنەکانەوە بیستووە و ”ھیچ نووسراوێکی فەرمیم بۆ نەھاتووە، تائێستا لەسەر کارەکەم لە کۆمسیۆن بەردەوامم".



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە بەرپرسێکی ئیداری هاوشێوەی بەرپرسێکی سیاسی نییە تاوەکوو لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڕیاری لەکار لادانی لەسەر بدرێت، ”من بەڕێوەبەری گشتیم، ھیچ پێویست ناکات لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە فەرمانی دوورخستنەوەم ببیستم“.



عەلی قادر ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە دەتوانێت بەتۆمەتی ناوزڕاندن لەرێگەی دادگاوە، سکاڵا لەسەر کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان تۆمار بکات، چونکە "ئەوەی کراوە، ناوزڕاندن و تەشھیرێکی زۆر خراپە".



بەڕێوەبەری ئۆفیسی ھەولێری کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی عێراق باس لەوەش دەکات کە ئەو ھیچ سەرپێچی و کەموکوڕییەکی لە کارەکانیدا نەکردووە، بەڵام ئەوەی کراوە، ”تەنیا جۆرێکە لە فشار" و نایشارێتەوە کە ڕاگەیاندنی بڕیاری دوورخستنەوەی لەلایەن بەغدا و لە میدیاوە ”فشارێکە، دەخرێتە سەر ئەو کەسانەی کە پێداگری دەکەن لە جێبەجێکردنی بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی، لە پاراستنی مافی دەنگدەر".




باسنیوز
Top