به‌ ڕاسپارده‌ی نێچیرڤان بارزانی، کرێی خوێندن بۆ هه‌ڵگرانی ماستەر و دكتۆرا خەرج ده‌کرێت

 	 به‌ ڕاسپارده‌ی نێچیرڤان بارزانی، کرێی خوێندن بۆ هه‌ڵگرانی ماستەر و دكتۆرا خەرج ده‌کرێت
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشکرای کرد، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە ھەڵگرانی ماستەر و دکتۆرا بڕیاری دا، لیژنەیەک پێک بێت بۆ چاکسازی لە لیستی ئەو کەسانەدا و مانگانە بڕە پارەیەکیان بۆ خەرج دەکرێت.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی و ئابووری تایبه‌ت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ''ژمارەیەک لە ھەڵگرانی ماستەر و دکتۆرا (گیرفانسازی) سەردانی رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابوورییان کردووە. کۆبوونەوەیەک لەسەر دەسپێکردنەوەی کرێی خوێندن له‌ نێوانیاندا کراوە و وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاری داوە بە پێکھێنانی لیژنەیەک بۆ پاکسازی لە لیستی ئەو کەسانە و نوێنەری ھەڵگرانی ماستەر و دکتۆراکانیشی تێدا ئەندام دەبێت. ھەروەھا وەزیری دارایی و ئابووری گوتوویەتی بە گوێرەی دۆخی داراییی ھەرێم، مانگانە بڕەپارەیەک تەرخان دەکات بۆ خەرجکردنی کرێی خوێندنەکانیان.

سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەیشی دا، ''لەسەر راسپاردەی بەڕێز سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، دوێنێ سێشەممە ٧/٥/٢٠١٨، رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێم رەزامەندیی نیشان دا لەسەر بەردەوامیدان بە خەرجکردنی کرێی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا، لە چوارچێوەی رێنماییی دارایی ژمارە ٣٨، بە گوێرەی لیستەکانی لیژنەی تایبەتمەند و بە رەچاوکردنی دۆخی دارایی ھەرێم.''
kdp -
Top