راگەیێندراوی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و ڤلادیمیر پووتین

 راگەیێندراوی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و ڤلادیمیر پووتین
حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و ڤلادیمیر پووتین بڵاوکردەوە. بەپێی راگەیێندراوەکە پووتین پشتگیرى خۆى بۆ گه‌لى كوردستان و په‌ره‌پێدانى په‌یوندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا دووپاتكردووەتەوە، به‌تایبه‌تی له‌ بواره‌كانى ئابوورى، كۆمه‌ڵایه‌تى و وزه‌دا.

دەقی راگەیێندراوەکە:

نێچیرڤان بارزانى و پوتین، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ــ مۆسكۆ تاوتوێ ده‌كه‌ن

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 9/5/2018 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، له‌ گۆڕه‌پانى سوور له‌ مۆسكۆ، له‌گه‌ڵ میوانانى باڵا و شاندى وڵاتان، به‌شدارى له‌ یادى سه‌ركه‌وتنى جه‌نگى مه‌زنى نیشتمانى (جه‌نگى جیهانیى دووه‌م)دا كرد.

پاش ئه‌وه‌ى میوانان، به‌شدارییان له‌ ڕێوڕه‌سمێكى پێشوازیدا كرد كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێز ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكى ڕووسیاوه‌ ڕێكخرا بوو، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك پوتین دیدارێكى دووقۆڵى ئه‌نجام دا.

له‌ دیداره‌كه‌دا، هه‌ردوولا داكۆكییان له‌ په‌یوندییه‌ مێژووییه‌كانى هه‌ردوو گه‌لى ڕووسیا و كوردستان له‌ قۆناغه‌ جیاكاندا كرده‌وه و باسیان له‌ په‌ره‌پێدانى زیاترى ئه‌و په‌یوه‌ندیانه ‌له‌ ئێستا و داهاتوودا كرد.

سه‌رۆك پوتین پشتگیرى خۆى بۆ گه‌لى كوردستان و په‌ره‌پێدانى په‌یوندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا دووپات كرده‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ بواره‌كانى ئابوورى، كۆمه‌ڵایه‌تى و وزه‌دا.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان سوپاسى سه‌رۆك پوتینى كرد بۆ بانگهێشتكردنى و دووپاتى كره‌دوه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ هه‌ر هه‌نگاوێك به‌ ئاراسته‌ى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ڕووسیا ده‌كات و هه‌موو ئاسانكارییه‌ك پێشكه‌ش به‌ پڕۆژه‌كانى وزه‌ و وه‌به‌رهێنانى ڕووسى له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كات.
Top