ڤلادیمێر پووتین و نێچیرڤان بارزانى جه‌ختیان له‌ په‌ره‌دان به‌ پێوه‌ندییه‌كان كرده‌وه‌

ڤلادیمێر پووتین و نێچیرڤان بارزانى جه‌ختیان له‌ په‌ره‌دان به‌ پێوه‌ندییه‌كان كرده‌وه‌
له‌ دیداریدا له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی ڕووسیا ڤلادیمێر پووتین پشتگیریى خۆى بۆ گه‌لى كوردستان و په‌ره‌پێدانى په‌یوندییه‌كان تایبه‌ت بواره‌كانی ئابوورى، كۆمه‌ڵایه‌تى و وزه‌دا دووپات كرده‌وه‌. نێچیرڤان بارزانییش ئاماده‌یی هه‌رێمى كوردستانی بۆ هه‌ر هه‌نگاوێك به‌ ئاراسته‌ى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كان نیشان دا.


ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 9/5/2018، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، له‌ گۆڕه‌پانى سوور له‌ مۆسكۆ، له‌گه‌ڵ میوانانى باڵا و شاندى وڵاتان، به‌شدارى له‌ یادى سه‌ركه‌وتنى جه‌نگى مه‌زنى نیشتمانى (جه‌نگى جیهانیى دووه‌م)دا كرد.

پاش ئه‌وه‌ى میوانان، به‌شدارییان له‌ ڕێوڕه‌سمێكى پێشوازیدا كرد كه‌ له‌لایه‌ن ڤلادیمێر پووتین سه‌رۆكى ڕووسیاوه‌ ڕێك خرابوو، نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك پووتین دیدارێكى دووقۆڵى ئه‌نجام دا.

له‌ دیداره‌كه‌دا، هه‌ردوولا داكۆكییان له‌ په‌یوندییه‌ مێژووییه‌كانى هه‌ردوو گه‌لى ڕووسیا و كوردستان له‌ قۆناغه‌ جیاكاندا كرده‌وه و باسیان له‌ په‌ره‌پێدانى زیاترى ئه‌و په‌یوه‌ندیانه ‌له‌ ئێستا و داهاتوودا كرد.

سه‌رۆك پووتین پشتگیریى خۆى بۆ گه‌لى كوردستان و په‌ره‌پێدانى په‌یوندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا دووپات كرده‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ بواره‌كانى ئابوورى، كۆمه‌ڵایه‌تى و وزه‌دا.

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان سوپاسى سه‌رۆك پووتینى كرد بۆ بانگهێشتكردنى و دووپاتى كره‌دوه‌، كه‌ هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ هه‌ر هه‌نگاوێك به‌ ئاراسته‌ى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ڕووسیا ده‌كات و هه‌موو ئاسانكارییه‌ك پێشكه‌ش به‌ پڕۆژه‌كانى وزه‌ و وه‌به‌رهێنانى ڕووسى له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كات.
kdp -
Top