ڕۆمیۆ هەکاری: سەرجەم مەسیحییەکانی عێراق هاوسۆزی هەرێمی کوردستانن

 	 ڕۆمیۆ هەکاری: سەرجەم مەسیحییەکانی عێراق هاوسۆزی هەرێمی کوردستانن
سکرتێری بەیتولنەهرەین یەکێ لە هۆکارەکانی کەمیی کورسیی کۆتا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هاوسۆزیی مەسیحییەکانی دەشتی نەینەوا بۆ هەرێمی کوردستان دەگێڕێتەوە، هێماش بۆ ئەوە دەکات کەوا سوڵتەی عێراق ڕاستەوخۆ ئەوەیان پێ گوتوون.



ڕۆمیۆ هەکاری، سکرتێری حیزبی دیموکراتی بەیتولنەهرەین، هێمای بۆ ساڵی ١٩٢١ و دامەزراندنی وڵاتی عێراق کرد، کە تا ڕووخانی ڕژێم لە دەستووردا هیچ مافێکیان نەبووە، تەنانەت بۆیان نەبووە بە زمانی خۆیشیان بخوێنن و، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "تاوەکو ڕووخانی ڕژێمی گۆڕبەگۆڕی بەعس، لە دەستووردا هیچ مافێکمان پێ نەدرابوو، بە پێچەوانەوە زوڵم و زۆر لەسەر کەمەنەتەوەیی و ئایینییەکان بووە، ئێمەش وەک گەلی کلد و ئاشووری بێبەش نەبووین لەو زوڵمە، کە تەنانەت یاسایان دەرکردبوو، کە ناکرێ بە زمانی خۆیشمان بخوێنین، ناشکرێ ناوی نەتەوەیی لە مناڵەکانمان بنێین".



هەکاری کە بەشدار بووە لە نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان، هاوکات لە نووسینەوەی دەستووری هەمیشەییی عێراقیش بەشدار بووە، پێی وایە لە ڕەشنووسی دەستووری هەرێمدا هەموو مافێک بە کەمەنەتەوە و ئایینییەکان دراوە، بەڵام لە دەستووری هەمیشەییی عێراقدا مافەکان سنووردارن، هاوکات گەلی مەسیحیش وەک یەک نەتەوە پێناسە نەکراوە و کراوەتە سێ بەش، وەک کلد و ئاشوور و سریان، بێ ئەوەی لە ناو کەوانەیەکدا بنووسرێت یەک نەتەوەن، هەربۆیەشە ناوبراو خۆشحاڵە بە ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان، چونکە گەلی مەسیحی چی ویستبێت لە ڕەشنووسی دەستووری هەرێمدا نووسراوە، بە مافە سیاسی و و کۆمەڵایەتی و ئایینی و فەرهەنگییەکانییەوە تا دەگات بە ئۆتۆنۆمی بۆیان.





هەژکاری ئەوەیشی ڕوون کردەوە، کەوا هەر مافێک، یان هەر شتێک بۆ داهاتووی گەلی مەسیحی باش بووبێت، لە ڕەشنووسی دەستووری هەرێمدا هەیە، پێشی وایە جیاوازیی ئەرز و ئاسمان لە نێوان ڕەشنووسی دەستووری هەرێم و دەستووری عێراقدا هەیە، بەو واتایەی کەوا مافەکانیان بەتەواوی لە دەستووری عێراقدا دابین نەکراوە.



رۆمیۆ کە بەشدار بووە لە نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق، گوتی: ئەوەندەی لە توانیان بووە لە پێناو گەلی مەسیحی کردوویانە و گوتیشی: "بە داخەوە عەرەبەکان کە پێش ئێمە دەنگیان بۆ دەستوور دا، هەرخۆیشیان پێشێلی دەستووریان کرد".



کەمیی کورسیی کۆتا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق



وێڕای بوونی ٣٢٩ کورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام ١٠ کورسیی کۆتا دیاری کراوە بۆ کەمەنەتەوەیی و ئایینییەکان، ئەمەش بووەتە نیگەرانیی ئەو پێکهاتانەی عێراق، وەک ڕۆمیۆ هەکاری هێمای بۆ کرد، ئەوەش دەرەنجامی ئەوەیە، کە تاوەکو ئێستا ئەقڵیەتی سوڵتەی عێراق بەو شێوەیە، کەوا جیا لە خۆی هیچ نەتەوە و پێکهاتەیەکی ئایینیی تر قبووڵ ناکات و ئامادەش نین تەواوی مافەکانیان بدەن، نموونەش بە کێشەکانی نێوان هەرێم و ناوەند دەهێنێتەوە و دەڵێ: "هەر ئەوانەی عێراق بوون لە ٢٠٠٥ پێش ئێمە و گەلی کورد دەسیان بۆ دەنگدان بەم دەستوورەی عێراق هەڵبڕی، کەچی تاوەکو ئێستاش ئامادە نین کار بە دەستوورەکە بکەن، نایانەوێت کێشەکانیش چارە بکەن".



پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە کۆی ١١١ کورسی، ١١ کورسیی کۆتایە بۆ کەمەنەتەوەیی و ئایینییەکانی هەرێمی کوردستان، هەکاری پێی وایە گەر بەراوردی کۆتای کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێم و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکەین، بێگومان لە بەغدا لە ڕووی دابینکردنی کورسییەوە، غەدریان لێ کراوە و، گوتیشی: "بە پێی مافی سەرجەم کەمەنەتەوەیی و ئایینییەکانی عێراق، نابێ لە ٢٠ کورسی کەمترمان لە ئەنجومەنی نوێنەران هەبێت، وەکو حزبی دیموکراتی بەیتولنەهرەین هەوڵیشمان داوە بۆ زیادکردنی کورسیی کۆتا و بەردەوامیشین".



هەکاری گوتیشی: "ڕەشبین بین، یان گەشبین، هەر دەبێ هەوڵ بۆ زیادکردنی کورسیی کۆتا بدەین، بەڵام هەتا ئەو ئەقڵیەتە بمێنێت، کە ئێستا حوکمی عێراق دەکات، هیچ ئومێدێکم پێی نییە".



ناوبراو ئاماژەی بە بوونی مەترسییەکی دیکە کرد، کەوا لە کورسیی کۆتای ئەنجومەنی نوێنەران لەسەریان هەیە و، گوتی: "ئێستا عەرەبەکان لیستێکیان بە ناوی مەسیحییەوە درووست کردووە، بۆ ئەوەی ئەو کۆتایەش بۆ خۆیان بێت".



سەرجەم مەسیحییەکانی عێراق هاوسۆزی هەرێمی کوردستانن



سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ زیادکردنی کورسیی کۆتا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەکاری نەیشاردەوە کە هەوڵیان زۆر داوە، بەردەوامیش دەبن، بەڵام تا ئێستا بێ ئەنجام بووە، هێمایشی بۆ ئەوە کرد، کە یەکێ لە هۆکارەکانی زیادنەکردنی کورسیی کۆتا بۆ کەمەنەتەوەیی و ئایینییەکانی عێراق، ترسی سوڵتە و حزبە باڵاکانی عێراقە لە مەسیحییەکان، کەوا هاوسۆزن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و، گوتیشی: "مەسیحییەکانی دەشتی نەینەواش هاوسۆزی حکوومەتی هەرێمی کوردستانن، لە کاتێکدا لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە مووسڵن، بەڵام لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە، هیچ خزمەتگوزارییەکیان تا ئەم ساتە بۆ دابین نەکراوە، پێشیان گوتوون کە ئێوە هاوسۆزن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانی کوردن".



بە سەرسووڕمانەوە ڕۆمیۆ دەڵێ: "ئەمانە خۆیان بە خاوەنی عێراق و سەرجەم پێکهاتەکانی دەزانن، کەچی ئامادە نین مافەکانی پێکهاتە ئایینییەکان بدەن".
kdp-
Top