كۆنسووڵی سریلانكا و هۆشیار سیوەیلی، پرسگەلێكیان خستە بەر باسەوە

 كۆنسووڵی سریلانكا و هۆشیار سیوەیلی، پرسگەلێكیان خستە بەر باسەوە
كۆنسووڵی فەخریی كۆماری سریلانكا لە هەولێر، سەردانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و، لەگەڵ بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكاندا، پرسگەلێكی پێوەست بە هەرێم و سریلانكایان خستە بەر باسەوە.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، هۆشیار سیوەیلی، لە بارەگای مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە، پێشوازیی لە د. ئەحمەد جەلال، كۆنسووڵی فەخریی سریلانكا لە هەولێر، كرد.

سەرەتا، هۆشیار سیوەیلی وێڕای بەخێرهاتن و دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی بەڕێزیان، ئاماژەی بە گرینگیی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و سەرجەم وڵاتانی بیانی دا و گوتی، سریلانكا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە دەكرێت پەیوەندییەكانینێوان هەردوولا لەوە باشتر بكرێن، نەخاسمە كە حاڵی حاز پەیوەندییەكی بازرگانیی باش لە نێوان هەردوولادا هەیە و، ئامادەیی خۆی دەربڕی لە هەر پشتگیرییەكی پێویست بۆ ئاسانكاری و ڕاپەڕاندنی ئیشوكارەكانیان لە هەرێمی كوردستاندا.

لە بەرانبەردا، د. ئەحمەد جەلال، سوپاسی هۆشیار سیوەیلی كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و دەربڕینی تەواوی پشتگیریی خۆی، دواتر گوتی: "سریلانكا حاڵی حازر جێگای بایەخپێدانێكی نێودەوڵەتیی زیاترە و وێڕای ئەو ژمارە زۆرەی كرێكاری شارەزا لە بوارە جیاجیاكاندا لە كوردستان كار دەكەن، ئێستا كاری باش دەكرێ لەسەر زیاتر رێكخستنی ئەو پەیوەندییانەی لە نێوان سریلانكا و هەرێمی كوردستاندا هەن، بۆ ئەوەی بواری زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، بە تایبەت لە بوارەكانی ئاكادیمی، شارەزایی كشتۆكاڵ، پیشەسازی و چەندین بواری دیكە".

پاشان، سیوەیلی باسێكی تێروتەسەلی لەسەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و كوردستان و هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، پێشكەشی بەڕێزیان كرد و، ئاماژەیشی دا: "وەك هەمیشە یەكڕیزیی نێوماڵی كوردی بە تایبەت لە بەغدا گرینگە بۆ وەدەستهێنانی مافە دەستووری و ڕەواكانی گەلی كوردستان و، ئەمەیش لە كارە هەرە پێشینەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت".

كۆنسووڵی فەخریی سریلانكا، جەختی لەوە كردەوە كە هەنگاوی پڕاكتیكی دەنێن بۆ ئاڵوگۆڕی ئاكادیمی لە نێوان هەردوولادا بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكانی سریلانكا و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێكخستنی زیاتری چالاكییەكان لە بوارەكانی تردا.










KDP
Top