کاندیدانی پارتی: مووسڵ ئاوەدان دەکەینەوە

 	 کاندیدانی پارتی: مووسڵ ئاوەدان دەکەینەوە
کاندیدانی لیستی ١٨٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای نەینەوا، وێڕای بەرگریکردن لە ھەموو پێکھاتەکانی سنووری نەینەوا بەڵێن دەدەن لە خولی داھاتووی پەرلەمانی عێراق کار بۆ ئاوەداکردنەوەی ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا بکەن و قەرەبووی خەڵکی زیانلێکەوتوو بکرێتەوە بە پێی یاسا.

عەبدولکەریم سلێمان، کاندیدی ژمارە ١٤ی لیستی ١٨٤ی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئێمە وەک پارتی باوەڕمان بەوەیە مافی ھەموو پێکھاتەکانی عێراق بە شێوەیەکی دیموکراتی و سەردەمیانە و بە پێی دەستوور جێبەجێ بکرێن، تا ھەموو پێکھاتەکانی عێراق پێکەوە بەشدار بن لە بڕیاردان و پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا، بەڵام بەداخەوە لە ڕابردوودا بینیمان ھاوبەشەکانمان لە عێراق باوەڕیان بەو پەیامەی ئێمە ھەمانە لە فیدڕاڵی و دیموکراتی و پێکەوەژیان، ئەوان نییانە، بەردەوامیش ئاستەنگ بۆ میللەتی ئێمە دروست دەکرێت لەوەی مافە دەستووری و یاساییەکانی وەربگرێت، ئەگەر متمانەی دەنگدەران بەدەست بێنین و بچینە پەرلەمانی عێراق کار لەسەر ئەوە دەکەین، شەریکی ڕاستەقینە بین لە عێراقدا و بە ھیچ شێوەیەکی ڕازی نابین کورد وەک پلە دوو سەیر بکرێت."

محەمەد ئیسماعیل، کاندیدی ژمارە ٤١ی لیستی ١٨٤ی پارتی لە پارێزگای نەینەوا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تا ئێستا بە ھۆی پێشێلکردنی دەستوورەوە گەلی ئێمە بە مافەکانی شاد نەبووە و بەردەوام پێشێل کراوە، چونکە دەستوور گرێبەستە لە نێوان پێکھاتەکانی عێراق، تا ئەو دەستوورە وەک خۆی جێبەجێ نەکرێت عێراق ئارامی بە خۆیەوە نابینێ، پارتی لە ئێستا و ساڵانی ڕابردووشدا پێداگری کردووە لە جێبەجێکردنی دەستوور، بەتایبەتی ئەو ماددە و بڕگانەی پەیوەندییان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، چونکە ئێمە بۆیە دەنگمان بە دەستوور داوە تا بەو شێوەیە جێبەجێ بکرێت، بچینەوە بەغدا بێگومان پێداچوونەوە بەو سیاسەتە دەکەین کە نابێت لە دەرەوەی دەستوور شتێکی دیکە بەسەرماندا بسەپێندرێت."

سۆزان خودێدا، کاندیدی ژمارە ٢٤ی لیستی پارتی لە نەینەوا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە وەک کاندیدی پارتی لە نەینەوا ئەگەر متمانەمان پێ بدرێت، ھەموو توانایەک دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بەگشتی و ئەو سنوورەی ئێمە لە نەینەوا بکەین، چونکە لە سێ ساڵی ڕابردوودا بە ھۆی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشەوە نەینەوا بە ھەموو ناوچەکانییەوە خاپوور کراوە و بەغدا تا ئێستا ئامادە نییە ئاوەدانی بکاتەوە، وڵاتانی کۆمەکبەخش ھاوکارییان پێشکەش بە عێراق کردووە، ئێمە ئەگەر بچینە بەغدا یەکێک لە ئەرکەکانمان ئاوەدانکردنەوەی مووسڵ و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت، بەتایبەتی ناوچەیەکی وەک شنگال، دوای دوو ساڵ لە لەناوچوونی داعش ھێشتا ئاوارە ناتوانن بگەڕێنەوە و زۆڵم و ستەم لە خەڵکەکەی دەکرێت."

خەلیل یوسف، کاندیدی ژمارەی ٣٧ی لیستی ١٨٤ی پارتی لە نەینەوا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ناوچەکەی ئێمە کە زۆربەیان دەکەوێتە دەوروبەری مووسڵ و زوممار بە ھۆی سیاسەتی تەعریب و داگیرکاری وێران کراوە، لە ڕووی قانوونییەوە پێویستە ئەو ناوچانە ڕاست بکرێنەوە و زەوییەکی زۆری کورد داگیر کراوە بۆ خاوەنە ڕەسەنەکەی بگەڕێتەوە، چونکە بەر لە دوو حەفتەش دادگا بڕیارێکی دەرکرد لەبارەی ئەو ناوچانە، بێگومان پارتی دیموکراتی کوردستان لە کارنامەکەیدا زۆر بە ڕۆنی ئاماژەی پێ کردووە."

شەرقی محەمەد ساڵح، کاندیدی ژمارە 39ی لیستی ١٨٤ی پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی دەڵێت: "بەرنامە و کارنامەی پارتی ئاشکرایە بۆ پەرلەمانی عێراق، کە بەبێ جیاوازی بەرگری لە ھاووڵاتیان دەکەین، بەتایبەتی ئێمە کە لە سنووری نەینەواین، خەڵکی ئێمە زۆرینەیان ئاوارە و لە ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن، پێویستە لەسەر ئەوە کار بکەین ھەموویان بگەڕێنەوە و قەرەبوو بکرێنەوە، دواتر ئاشکرایە ھەرێمی کوردستان چۆن لە ڕابردوودا ھاوکاریی خەڵکی لێقەوماوی کردووە، بە ھەمان شێوە لە بەغدا کار بۆ ئاوەدانکردنەوە و بە یاساییکردنی تاوانەکانی دژی خەڵکی سڤیل دەکەین."
kdp-
Top