كاندیدانی پارتی: تەواوی کارنامەی پارتی جێبەجێ دەکەین

 	 كاندیدانی پارتی: تەواوی کارنامەی پارتی جێبەجێ دەکەین
كاندیدانی پارتی لە هەولێر دەڵێن، بەرنامەی پارتی بەرنامەیەكی تێروتەسەلە، كۆی بەرنامەكە دەتوانین كۆ بكەینەوە لە داكۆكیكردن لە دەستكەوتەكان و مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان، بۆیە هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی بتوانین وەكو كاندیدانی پارتی دروشم و كارنامەی لیستی پارتی جێبەجێ بكەین، ئەویش دەستكەوتی زیاترە بۆ كوردستان.

د. كاوە شێروانی، كاندیدی ژمارە 22ی لیستی 184ی پارتی لە سنووری پارێزگای هەولێر دەڵێت: "كارنامەی لیستی پارتی بە تەواوەتی جێبەجێ دەكەین، لەگەڵ ئەو بەرنامەی كە خۆمان دامانناوە، كە لەگەڵ بەرنامەی لیستی 184 یەك دەگرێتەوە، ئەو شتانەی كە پێویستە لە بەغدا بكرێن، گرنگترینیان بۆ گەلی كورد ئەوەیە کە مافە دەستوورییە زەوتکراوەکانی گەلی كورد وەربگرینەوە."

ئاورنگ شێخ عەلی بەرزنجی، كاندیدی ژمارە 27ی لیستی ١٨٤ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت: "وەكو یاساناسێك تەئكید لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەمەوە، كە لە لایەن كۆمەڵێك عەرەبی شۆڤێنییەوە ڕێگە نادەن دەستوور جێبەجێ بكرێت، هەروەها تەئكید لە جێبەجێكردنی ماددەی 140 دەكەم، لەگەڵ خەڵكی ناوچە كوردستانییەكان بەردەوام لەسەر خەت دەبم و چی باش بێت بۆ خەڵكی خۆمان لەو ناوچانە دەیكەین، بەتایبەتی سەرژمێریكردنی ناوچەكە و گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان."

د. شەیما نەجم سەفەر نوور، كاندیدی ژمارە 30 هەر لەسەر لقی 10، دەڵێ: "من كوردی فەیلیم، بە فەرمانی سەرۆك بارزانی كاندید كراوم لە ناو لیستی پارتی، بە ناوی هەموو كوردانی فەیلی سوپاسی سەركردایەتیی پارتی دەكەم، خزمەتكردنی خەڵك ئامانجمانە، كاتێك كە چوومە بەغدا دەمەوێت مافی كوردانی فەیلی كە لە بەغدا خوراوە، بیگەڕێنمەوە، هەروەها گرنگی بە ئاوەدانكردنەوەی دێهاتەكان و كەرتی گەشتیاری بدەم، بۆ ئەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەوپێشەوە بچێت".

سوعاد ئەحمەد عوسمان وەلی، كاندیدی ژمارە 24 گوتی: "بەرنامەی من پابەندبوونە بە بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە 14 خاڵ لەخۆ دەگرێت و باسی لە هەموو سێكتەرەكان و بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی گەلی كورد كردووە، كە لە دەستووردا هاتوون و لە لایەن بەغداوە پێشێل كراون، داكۆكیش لەو 55 ماددەیە دەكەمەوە كە لە لایەن بەغداوە بەرامبەر بە گەلی كوردستان پێشێل كراون، هەوڵی بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتریش بۆ خەڵكی كوردستان دەدەم".
kdp-
Top