ھۆشیار مالوو: كۆمسیۆن لە راھێنانی كارمەندانیدا كەمتەرخەم بووە
ھۆشیار مالوو، سەرۆكی بەرنامەی ھەڵبژاردن لە رێكخراوی مافی مرۆڤی كورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە بە پاڵپشتیی دوو رێكخراوی ئەمەریكایی، چاودێریی رەوشی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی بانگەشە و ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق دەكەین، بۆ ئەو مەبەستەیش ٥٠٠ چاودێرمان بۆ ھەرێمی كوردستان ئامادە كردووە و ئەوانە تەنیا لە رۆژی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردندا چاودێری پڕۆسەكە دەكەن، بەڵام ٣٠ چاودێری بەردەوام ھەن لە سەرەتای بانگەشەوە چاودێریی رەوشەكە دەكەن تا ھەڵبژاردن كۆتایی دێت، ھەتا ئێستا زۆر خرووقات تۆمار كراون و پێشێلكارییەكی یەكجار زۆر هاتوونەتە تۆماركردن، ئەوەیشی زۆر جێگەی گرتووتەوە لەنێو پێشێلكارییەكاندا، ناوزڕاندن و سووكایەتیكردنە لە رێگەی سۆشیال مێدیاوە".
سەرۆكی بەرنامەی ھەڵبژاردن لە رێكخراوی مافی مرۆڤی كورد، گوتیشی: "راستە كۆمسیۆن بە باشی خۆی ئامادە كردووە، چونكە زیاتر پڕۆسەی ئەڵبژاردنی ئەمجارە، بە ھێزی مرۆڤ ناكرێت، بەڵكوو سیستمی زیرەك پەیڕەو دەكرێت و بە شێوەیەكی ئەلیكترۆنییە، لەبەر ئەوەیش زۆر كەمتر دەرفەتی ساختەكاری ھەیە، چونكە بە ئامێر كار دەكرێت و گەرەنتیی زیاتر ھەیە، بەڵام وەنەبێ كەموكوڕی نەبێت، لەوانەیش راھێنانی كارمەندان بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن، پێمان وایە كۆمسیۆن لەوەدا زۆر سەركەوتوو نەبووە، چونكە ژمارەیەك راھێنەر راھێنان بە ژمارەیەكی دیكە دەكەن، دواتر ئەوانیش راھێنان بە كەسانی دیكە دەكەن، گرینگ ئەوەیە تا زانیارییەكان شۆڕ دەكرێنەوە بۆ كارمەندی بنكەكانی كۆمسیۆن، زۆر كەمتر دەبێتەوە، لەمەیاندا زۆر كەمتەر خەمی ھەیە و گەییشتنی زانیاری، زۆر لاوازە".
وەك مالوو ئاماژەی بۆ كرد: "لە ھەڵبژاردنەكانی رابردوودا ئەزموونمان وەرگرتووە و لیژنەی لێپرسینەوەی كۆمسیۆن یەكگرتوو نین، بۆ نموونە لە ھەندێ بنكەدا رێگە دەدرێت مۆبایل بچێتە ژۆرەوە و لە ھەندێ بنكە رێگە نادرێت، لە ھەندێ بنكە رێگەی وێنەگرتن دەدرێت بە پێچەوانەوە، ئەو لێپرسینەوەیە بۆ ئێمە زۆر گرینگە بزانین بۆچی لە ھەموو عێراق یەك سیستم نییە، ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ رۆژی ھەڵبژاردنە و، بزانین ئەوكات چی دەگوزەرێت و تا چەند پێشێلكاری دەكرێت".
