سکرتێری ھێمن ھەورامی بۆ سەعدی پیرە: بەهۆی شکستە بەردەوامەکانتان باری دەروونیتان ناجێگیرە
سەنگەر ھەورامی، سکرتێری رژنامەنووسیی ھێمن ھەورامی، بەرپرسی کاروباری سیاسی و پەیوەندییە گشتییەکان لە نووسینگەی سەرۆک بارزانی لە بەیاننامەیەکدا، رایدەگەیەنێت، بەھۆی گوڕوتینی جەماوەی پارتی لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردن، ”زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوەردستان و تەنانەت عێراقیش، بە جۆرەھای جۆر قیژەقیژو جۆرە دەنگێکیان لێوەدێت، کەلە دەنگی کەسێک دەچێت لەسەرە مەرگدابێت“.
پێشتر سەعدی پیرە، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵێکی سەر بە حزبەکانی سلێمانی، تۆمەتی ”دەستبڕینی“ سەرکردە باڵاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی دابووە پاڵ هێمن هەورامی.
سەنگەر ھەورامی لە وڵامی سەعدی پیرەدا رایگەیاندووە، ”شەرمە بۆ سەعدی پیرە بڵێت ھێمن ھەورامی لە ڕیفراندۆم دەستی بارزانی بڕی، چونکە خودی کاک سەعدی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆ بوو، نوێنەری یەکێتی بوو لەھەموو کۆبوونەوەکاندا پشتگیری بڕیار و ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی کردووە“.
سکرتێری رۆژنامەنووسیی ھێمن ھەورامی پێی وایە، سەعدی پیرە ”ناھەق نییە“ قسە لەسەر ریفراندۆم و ھێمن ھەورامی بکات، چونکە ”پاش خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و نەمانی جەماوەر و بچووکبوونەوەی بەردەوامیان، بۆیە تەوازنی سیاسی لەدەست داوە و قسەکانی سواون و گومرگیان لەسەر نییە“.
سەنگەر ھەورامی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە باری دەرونیی گوتەبێژی یەکێتی ”نالەبارە“، بەھۆی ”شکستە یەک لەدوای یەکەکانی و جیابوونەوەی بەردەوامی باڵەکانی ناو یەکێتی“.
ھەورامی جەختی لەوە کردووەتەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان لەناو کوردانی تاراوگەدا ”یەکەمێکی بەھێزی“ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەبێت و ئێستاش سەعدی پیرە و شاناز برایم ئەحمەدی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حزبەکەی و ”جەماعەتی ١٦ـی ئۆکتۆبەر“، لەبەرامبەر ”خستنە ڕووی ڕاستییەکان لە لایەن کاک مەسروور بارزانیەوە وەھا شێواون، بە قیرە قیڕی کاڵفامەکانیان دەیانەویت سەرنجی خەلک بە لا ریدا ببەن“.
بڕیارە رۆژی ١٢/٥/٢٠١٨ لە ھەموو شارەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت.
ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، کەرکووک، خورماتوو و ناوچەکانی دەوروبەری کەوتنە ژێر دەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق، دواتر ھەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و شێخ جەعفەر مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و فەرماندەی یەکەی ٧٠ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئاشکرایان کرد کە گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمەدا بەرپرسیارن و ڕێککەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق کردووە و بەو ھۆیەوە سەدان پێشمەرگە و ھاووڵاتی شەھید و بریندار بوون و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسیش ئاوارە بوون.
بەیاننامەیەکەی سەنگەر ھەورامی:
سەعدی پیرە لەبەردەم سەرکەوتنەکانی پارتیدا!!
دوابەدوای دەسپێکی ھەڵبژاردنەکان، و ئەو گوڕووتینەی کەلە جەماوەرە نەپساوەکەی پارتیدا دەبینرێت. زۆربەی لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمی کوەردستان و تەنانەت عێراقیش، کەوتوونەتە نێو بارێکی سایکۆلۆژی و ھەڵچوونیان پێوە دیارە. ئیدی ئەم جۆرە ھێستریایە، وەھایکردووە بە جۆرەھای جۆر قیژەقیژو جۆرە دەنگێکیان لێوەدێت، کەلە دەنگی کەسێک دەچێت لەسەرە مەرگدابێت.
لەبەرنامەیەکی تایبەتی تەلەفزیۆنی ئێن ئاڕتی زمانحاڵی نەوەی نوێ، کەلەگەڵ سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و لەھەمانکاتدا وتەبێژی حزبەکەیەتی ئەنجامدرا. لەچوارچێوەی بەرنامەکەدا چەندین پرسیاری ئاڕاستەکرا، لەوەڵامدانەوەی پرسیارەکاندا، ئەو بارە سایکۆلۆژییەی کەلە ئەنجامی کارەکانی ڕابردوویاندا و بێ وەڵامیان بۆ خەڵکی کوردستان، لەھەمانکاتیشدا کەرنەڤاڵە پڕ جۆش و خرۆشەکانی پارتی لەھەرێمی کوردستان و تاراوگەدا. وەڵامەکانی بەلا ڕێدا دەبردن، لەوەڵامی پرسیارێکدا. ئایا پێتان وایە پارتی براوەی یەکەمێکی زۆرینە دەبێت لەھەڵبژاردنەکاندا، کەلە لێدوانێکیدا ھێمن ھەورامیدا، وەھای وتووە؟ لەوەڵامدا سەعدی پیرە دەڵێت " ھێمن ھەورامی لەڕیفراندۆمدا دەستی بارزانی بڕی".
وەک سکرتێری ڕۆژنامەنووسی ھێمن ھەورامی، بەپێویستی دەزانم لەم بارەیەوە ھەندێک ڕاستی بخەینە ڕوو. لەبەر نالەباری باری دەروونی کاک سەعدی، کەلە دوای شکستە یەک لەدوای یەکەکانی و جیابوونەوەی بەردەوامی باڵەکانی ناو یەکێتی، کە بۆتە ھۆی بچووکبوونەوەی بەردەوامیان، پێم باش نیە بچینە زۆر وردەکاری دیکەوە. شەرمە بۆ سەعدی پیرە بڵێت ھێمن ھەورامی لە ڕیفراندۆم دەستی بارزانی بڕی، چونکە خودی کاک سەعدی ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆ بوو، نوێنەری یەکێتی بوو لەھەموو کۆبوونەوەکاندا پشتگیری بڕیار و ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی کردووە. بەڵام ناھەقی ناگرین پاش خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و نامانی جەماوەر و بچووکبوونەوەی بەردەوامیان، بۆیە تەوازنی سیاسی لەدەست داوەو قسەکانی سواون و گومرگیان لەسەر نیە. چۆن پارتی لەساڵی ٢٠١٤ لە تاراوگە یەکەم بوو، بێگومان یەکێتییەکانی تاراوگە بەھۆی چەند کەسێکی وەک سەعدی پیرە کە بەرپرسی پەیوەندییەکان و شانازی برایم ئەحمەد کەبەرپرسی ناوەندی دەرەوەی یەکێتی و جەماعەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، تا دێت لاوازتر دەبن. بەدڵنیاییەوە لەم ھەڵبژاردنانەی ٢٠١٨دا کوردانی تاراوگە زیاتر سزای کاک سەعدی و شاناز برایم ئەحمەد دەدەن و پارتی بە یەکەمێکی بەھێزەوە ھەڵبژاردنەکان دەباتەوە. ھەروەھا لە بەرامبەر کاریزما و خستنە ڕووی راستیەکان لە لایەن کاک مەسرور بارزانیەوە وەھا شێواون، بە قیرە قیڕی کاڵفامەکانیان دەیانەویت سەرنجی خەلک بە لا ریدا ببەن. خەڵکی کوردستان زۆر لەوە ھوشیار ترن و زاکیرەشیان جمەی دێت لە تۆڵەکردنەوەی ١٦ی ئۆکتۆبەر.
کاک سەعدی، تاوانبارێکی بەردەم دەستەڵاتێکی دیکتاتۆر، نەجاتبوونی ئاسانترە لە تاوانبارێک کەسزاکەی لای میللەت بێت.
سەنگەر ھەورامی سکرتێری ڕۆژنامەنووسی ھێمن ھەورامی
٨ی٥ی٢٠١٨
باسنیوز
