پارتی دوای هەڵبژاردن داوای کۆدەنگیی نیشتمانی دەکا

 پارتی دوای هەڵبژاردن داوای کۆدەنگیی نیشتمانی دەکا
سەرکردەیەکی پارتی ڕای دەگەیەنێ، سەرەڕای ئەوەی ھەندێ لایەن بۆ داپۆشینی کێشە ناوخۆییەکانی خۆیان و بەدەستھێنانی دەستکەوتی حزبی لە بەغدا و کۆکردنەوەی دەنگ لە ماوەی بانگەشەی ھەڵبژاردن پارتییان کردووەتە ئامانج، بەڵام لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن پارتی دەستپێشخەری و کۆدەنگی و یەکل یستی بۆ ھەموو ئەو لایەنە کوردستانییانە دەکات کە لە پەرلەمانی عێراق دەبنە خاوەنی کورسی.



بەپێی زانیاریەکان پارتی دوای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دەرکەوتنی ئەنجامەکان، دەستپێشخەریی کۆدەنگی و یەک لیستی بۆ ھەموو ئەو لایەنانە دەکات کە دەبنە خاوەنی کورسی، ئەمە لە کاتێکدا کە زۆربەی راپرسییە کوردستانی و عێراقی و جیھانییەکان، پێشبینیی بەدەستھێنانی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی کوردستان بۆ پارتی دەکەن.



لەمبارەیەوە ھەریەک لە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی و مەسرور بارزانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکانیان سەڕەڕای وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی پارتی کراون، بەڵام جەختیان لە یەکڕیزی و کۆدەنگیی نیشتمانی کردووەتەوە.



ساسان عەونی ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ (باس) رای گەیاند: ”پارتی پێش پڕۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردن لەگەڵ ئەوە بوو ھەموو لایەنە کوردستانییەکان بە یەک لیست بەشداری لە پڕۆسەکەدا بکەن و یەکگرتووانە ھەموومان بەیەکەوە دەنگی زیاتر بۆ کورد و کوردستان کۆ بکەینەوە، بەڵام ھەندێ لایەن ئامادەی ئەو کۆدەنگییە نەبوون و پێیانوابوو بەو پەرتەوازەییەی ئێستا دەتوانن دەنگی زیاتر کۆ بکەنەوە و ھەروەھا دەستکەوتی حزبی بۆ خۆیان لە بەغدا زیاتر دەپچڕن و کێشە ناوخۆییەکانی خۆشیان یەکلا دەکەنەوە“. عەونی گوتیشی: ”ئەوەی جێگەی نیگەرانی بوو، ئەو حزب و لایەن و قەوارانە، ھەڵمەتی بانگەشەکانی خۆشیان لەبری ئەوەی کە دەبوو باسیان لەو مافانە بکردایە کە بۆ کورد گرنگە و دەبێت بەغدا بەدەستیان بھێنن، بەڵام ھەموو ھەڵمەتی بانگەشەیان روو لە پارتی و تۆمەتبارکردنی بوو، ئەوەی بە ئامانجی دەنگ کۆکردنەوەی زیاتر و داپۆشینی کێشە ناوخۆییەکانی خۆیان، ھەر ئەوەش وای کرد کە پارتی کاتێک دەستی بە ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن کرد بە ھێزەوە دەستی پێ کرد و سەرکردە کاریگەرەکانی چوونە نێو جەماوەرەوە، چونکە بە مافی خۆی زانی بەرگری لە خۆی بکات و ڕاستییەکان روون بکاتەوە، کەموکورتییەکانی لایەنەکانیش بەدیار بخات، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئەوە تا سەر بێت، ھەر بۆیەش ئەگەر تێبینی کرابێت لە ھەموو کۆڕ و کۆبوونەوەکانی چ ئەوەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی، یان بەڕێز مەسرور بارزانی ئەندامی مەکتەبی سیاسی کردبێتی، داوای کۆدەنگی و یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکانیان کردووە، ئەوەش لەو ڕوانگەیەوە بووە کە داواکانی پارتی داوای ھەموو خەڵکی کوردستانە لە بەرامبەر بە دەسەڵاتی بەغدا، چونکە کورد دەبێ لەوێ یەکگرتوو بێت تاوەکوو مافەکانمان بەدەست بھێنین“.



ئەو سەرکردەیەی پارتی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، ئەگەر کورد لە بەغدا یەکگرتوو نەبێت خەڵکی دیکە سوود لەو ناتەباییە وەردەگرێت، لەبەرئەوە لەگەڵ تەواوبوونی ھەڵمەتی بانگەشە و ھەڵبژاردن زەڕووڕە کە ھەموو ھێزە کوردستانییەکان یەک ھەڵوێست و یەک گوتار بە یەک لیست بڕۆنە بەغدا بۆ داواکانی خەڵکی کوردستان و داوای جێبەجێکردنی دەستوور بکرێت، لەو ڕوانگەیەشەوە پارتی دەستپێشخەریی دیکەی بۆ ھەموو ئەو لایەنانە دەبێت کە دەبنە خاوەنی کورسی لە پەرلەمانی عێراق.



لای خۆشیانەوە، مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ (باس) جەختی لەسەر ئەوە کردەوە ئەوەی کورد لە رابردوو بەدەستی ھێنابێت بە یەکڕیزی و تەبایی بە دەستی ھێناوە و ئەوەشی لە دەستی دابێت بەھۆی پەرتەوازەیی و ناتەباییەوە بووە.



چاوڕەش گوتی: “گرنگە کورد لە بەغدا وەکوو یەک تیم خەبات لەپێناوی بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستاندا بکات، کە ئەوە چەندین ساڵە لەو پێناوەدا قوربانی و شەھیدێکی زۆری داوە”.



بەڵام، مەسعود حەیدەر پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا بۆ (باس) رای گەیاند، جگە لە زەرورەتی یەکریزی و یەک ھەڵوێستیی کورد لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق و لیژنەکان، گرنگە کورد تیمێکی نیشتمانپەروەری کوردانەی بەھێز و یەکگرتووی ھەبێ لە حکوومەتی فیدراڵی.



حەیدەر گوتیشی: ”زۆر جار حکوومەتی فیدراڵی ھیچ حیسابێک بۆ پەرلەمان ناکات و نەفەسێکی درێژی ئەوێ بۆ بەرگریکردن لە مافی دەستووری و یاسایی خەڵکی ھەرێمی کوردستان“.



ھاوکات، د. مەحمود عوسمان، سیاسەتوان و چاودێری سیاسیی کورد، بۆ (باس) رای گەیاند، ئەگەر کورد یەکگرتوو یەک لیست نەڕۆیشتە بەغدا، ھەمان ئەو زیانانە دەکاتەوە کە پێشتر بەھۆی پەرتەوازەییەوە کردوویەتی، گوتیشی: “کەوابێت بۆ ئەمجارەش پەندی لە رابردووی خۆی وەرنەگرتووە و بەوەش پێگەی سیاسیی لە بەرامبەر بە عێراق لاوازتر دەبێت و ناتوانێ مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان دەستەبەر بکات”.





باسنیوز
Top