نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەوە
ئێوارە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا، بەشێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە بەرز بوونەوە کرد، بەشێوەیەک لەوەتەی کۆتایی ساڵی 2013ەوە نرخەکەی نەگەیشتووەتە ئەم ئاستە.
پێگەی (oilprice)ی جیهانی بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 2018/5/7، کاتژمێر 5:50 خولەکی ئێوارە بەکاتی هەرێمی کوردستان، نەوتی برێنت 91 سەنت بەرز بووەوە و هەر بەرمیلێکی بە 75 دۆلار و 78 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هاوکات ئەوەش خراوەتە ڕوو کە نەوتی خاوی ئەمەریکیش 66 سەنت بەرز بووەتەوە و هەر بەرمیلێکی بە 70 دۆلار و 38 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو ئەندامانی رێکخراوی ئۆپیک و وڵاتانی بەرهەمهێنانی نەوت لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا کۆبوونەوە و ڕێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکەی کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت تاکو کۆتایی ساڵی 2018، کە ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ بەرز بوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.
'
bas news -
