کاندیدانی هەولێر: شەڕی دەستوور دەکەین

 کاندیدانی هەولێر: شەڕی دەستوور دەکەین
كاندیدانی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراق لە سنووری پارێزگای هەولێر دەڵێن، لە چوار ساڵی داهاتوودا هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین تاكو مافەكانی گەلی كورد لە ڕێگەی دەستوورەوە بەدەست بێنین، داكۆكی لە مافە زەوتكراوەكانی گەلەكەمان دەكەین، هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین كە دەستوور وەكو خۆی بمێنێتەوە و ئەو بڕگە و ماددانەی تا ئێستا جێبەجێ نەكراون، جێبەجێیان بكەین، چونكە هەندێك كەس و لایەن هەوڵ دەدەن دەستكەوتەكانی كوردستان بچووك بكەنەوە.

عەرەفات كەرەم، كاندیدی ژمارە 5ی لیستی پارتی لە پارێزگای هەولێر، دیاری كرد: "ئێمە وەكو پارتی پڕۆژەیەكی زۆر باشمان هەیە، كە لە 14 خاڵ پێك دێت، بەرەو دەستكەوتی زیاتر، چونكە ئێمە دەزانین هەندێك كەس و لایەن هەوڵ دەدەن دەستكەوتەكانی كوردستان بچووك بكەنەوە، هەوڵ دەدەن حكوومەتی عێراق مامەڵە لەگەڵ حكوومەتی هەرێم نەكات، لەگەڵ پارێزگاكان بكات، بۆیە ئێمە یەكەم جار هەوڵ دەدەین تەوافوقی سیاسی دروست بكەین، چونكە ئەو تەوافوقە لە عێراق نەماوە، بۆیە هەموو هەوڵی خۆمان بۆ ئەوە دەدەین ئەو تەوافوقە دروست بكەینەوە، چونكە ئەگەر ئێمە چەند كورسی بهێنین ئەوە لە بەرژەوەندیی كورددا نابێت، ئەگەر تەوافوق نەبێت، بۆیە ئەوە خاڵێكی گرنگە كە لەسەری كار بكەین، خاڵێكی دیكەی گرنگ ئەوەیە كە ئەنجومەنی فیدراڵی دروست بكەین، بۆ ئەوەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە بكرێن، هەروەها هەوڵ دەدەین هاوپەیمانەتییەك پێك بهێنین، بۆ ئەوەی وەكو نەتەوە مامەڵە لەگەڵ ئێمە بكرێت، هەروەها ناوماڵی كورد یەك بێت كە هەموو كاتێك پارتی ئامادە بووە قوربانی بدات لە پێناو یەكگرتنی ناوماڵی كورد، ئیدی ئەو خاڵانە لای من زۆر گرنگن، كە ئێمە لە بەغدا كاریان لەسەر بكەین."

عەبدوڵڵا محەمەد سەعید، كاندیدی ژمارە 6 دەڵێت: "بەرنامەكەم بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستانە، هەوڵ دەدەم ئەو چواردە خاڵە جێبەجێ بكەم، كە لە ژێر دروشمی دەستكەوتی زیاتر بۆ كوردستان، هەروەها تەركیز لەسەر هەندێك خاڵ دەكەم، لەوانە پاراستنی ماف و ئازادییەكان، هەروەها بودجە و مووچە و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان، هەروەها جێبەجێكردنی دەستوور، هەموو بڕگەكانی دەستوور جێبەجێ بكرێن، نەك ئەو ماددانەی لە بەرژەوەندیی عێراقە جێبەجێ بكرێن و ئەوەی لە بەرژەوەندیی كوردە جێبەجێ نەكرێن، لەوانە ماددەی 140 و قەرەبووكردنەوەی ئەو كەسانەی زیانیان بەركەوتووە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، هەروەها هەوڵ دەدەم سەرژمێری لە ناوچە كوردستانییەكان بكرێت، تەئكید لەسەر سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری دەكەمەوە، ئەگەر دەرچووم و چوومە پەرلەمانی عێراق ئەوە كاری لە پێشینەی من دەبێت."

تۆفیق محەمەد، كاندیدی ژمارە 7ی لیستی پارتی گوتی: "ئەگەر دەرچووم و چوومە ئەنجومەنی نوێنەران پابەندی بەرنامەی پارتی دەبم و هەوڵی جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە دەدەم، بەڵام لەسەر ئاستی تاكەكەسی هەوڵ دەدەم دەستوور وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت، كە پێم وایە هەندێك لە لایەنە عێراقییەكان نایانەوێت دەستوور وەكو خۆی بمێنێت، هەوڵ دەدەن ئەو دەستوورە هەموار بكرێتەوە، ئەگەر هەموار بكرێتەوە ئێمە دەباتە قۆناغێكی دیكە، چونكە ئەوان ئیمانیان بە تەوافوق و شەراكەت نییە كە دەستووری عێراقی لەسەر دانراوە، بۆیە لە چوار ساڵی داهاتوودا هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین كە دەستوور وەكو خۆی بمێنێتەوە و ئەو بڕگە و ماددانەی تا ئێستا جێبەجێ نەكراون، جێبەجێیان بكەین."

هنا جەلال عەبدوڵڵا، كاندیدی ژمارە 8ی لیستی پارتی ئاشكرای كرد: "بەرنامە و پرۆگڕامی من ئەوەیە كە دەچم بۆ بەغدا داكۆكی لە مافە زەوتكراوەكانی وڵاتەكەم و نیشتمانەكەم دەكەم، مافی پێشمەرگە، مافی جووتیاران، مافی كەمئەندامان، مافی گەلی كورد بستێنم، ئەگەر گەلی كوردستان متمانەم پێ بكات، لە ئەنجومەنی نوێنەران كەسێكی بەهێز و بەتوانا دەبم و شەڕ لە پێناو مافەكانی گەلی كورد دەكەم".








KDP
Top