تەندروستیی هەولێر: هەواڵی نەمانی دەرمانی بێهۆشکردن لە نەخۆشخانەکان دوورە لە ڕاستییەوە

 تەندروستیی هەولێر: هەواڵی نەمانی دەرمانی بێهۆشکردن لە نەخۆشخانەکان دوورە لە ڕاستییەوە
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، ئەو دەنگۆیانەی لەسەر نەمانی دەرمانی بێهۆشی (بەنج) بڵاو کراوەتەوە، ڕاست نین.

دوای ئەوەی دەنگۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی دەرمانی بێهۆشی (بەنج) بۆ نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕزگاری بڵاو بووەوە، لەو بارەیەوە فاخر کرمانجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر ڕایگەیاند: "ئەو دەنگۆیە ڕەت دەکەینەوە، چونکە ناکرێ لە نەخۆشخانەکانی فریاکەوتندا دەرمانی بێهۆشی (بەنج) نەبێ کە حاڵەتی کوتوپڕ و نەشتەرگەریی خێرا ئەنجام دەدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا داواکاری ئەوە نەکراوە کە بەنج نەبووبێ".

فاخر کرمانجی ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەگەر هەیە لەو نەخۆشخانانەی کە نەشتەرگەریی خێرایان تێدا نییە، حاڵەتی وا هەبێ، چونکە بۆ نەشتەرگەری نۆرەیان بۆ دانراوە و کەمتر بەکار دەهێنرێت".

لەو بارەیەوە دکتۆر خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندرستی ڕایگەیاند: "بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەین، بۆ ئەوەی بزانین هۆکارەکە چییە؟، چونکە بەڕێوەبەرە گشتییەکان دەبێ ئەو دەرمانانەی بۆ نەشتەرگەی پێویستە و بۆ بووژانەوەی دڵ دەبێ پەیدا بکرێ و ئەو بڕە پارەیەی لەبەردەستیانە، دەتوانن دەرمانی پێ بکڕن و ئەولەویەتیان هەی".

ڕوونیشی کردەوە: "هەرچەندە دوو یان سێ هەفتە جارێک وەجبەیەک دەرمان دەنێرن، بەڵام ڕێژەکەی کەمە، لەگەڵ ئەوەشدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی شەش ملیاری بۆ کڕینی دەرمان تەرخان کردووە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی کە لە داهاتی نەخۆشخانەکان ٣٠٪ بۆ کڕینی دەرمان بەکار دەهێنینەوە".







باسنیوز
Top