دكتور عەرەفات ستونی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی : پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینە کۆتاییهاتنە بە یەکپارچەییی خاکی عێراق.
هەریەکە لە مالیکی و قەیس خەزعەلی لە بانگەشەکانیاندا بۆ هەڵبراژردنی ئەم جارەی عێراق، باس لە پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینە دەکەن، هاوکات کۆتاییهێنان بە پێکهێنانی حکوومەتی هاوپەیمانی. عەرەفات کەرەم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینە پێچەوانەی دەستوورە، چونکە عێراق وڵاتێکی فرەپێکهاتە و فرەنەتەوەیە".
ناوبراو ئەوەیشی نەشاردەوە: "گەر بێت و هەر هەوڵێک بۆ پێکهێنانی وەها حکوومەتێک لە دوای هەڵبژاردن سەر بگرێت، ئەوا کۆتایی بە یەکپارچەییی خاکی عێراق دێت، چونکە لەو نێوەندەدا کورد و سوننە زەرەمەند دەبن."
لەمەڕ وەڵامی کورد بۆ وەها هەوڵێک، کەرەم هێمای بۆ ئەوە کرد: "کورد نەیتوانی بۆ هەڵبژاردن هاوپەیمان بێت، بە هیوایە لە دوای هەڵبژاردن هاوپەیمانییەکی بەهێزی کورد دروست بکەن، تاوەکو لە بەرامبەر ئەو هەوڵەدا یەکدەنگ بن."
ناوبراو پێشی وایە پێکهێنانی حکوومەتی هاوپەیمانی کاتی دەوێت، ئێستاش ناتوانێت قسەی لەسەر بکا و گوتی: "با پێش ڕووداو نەکەوین".
عەرەفات بە ئەسەفەوە هێمای بۆ ئەو لیژنەیە کرد لە بەغدا بۆ هاوسەنگی لە دابەشکردنی پۆستەکانی حکوومەت دروست کرا، بەڵام تاوەکو ئێستا کاریان نەکردووە، بۆیە باشترین شت بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان، هاوپەیمانی و یەکڕیزیی سەرجەم لایەن کوردستانییەکانە، تاوەکو بتوانن دەسکەوتی زیاتر بە دەست بهێنن.
بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ٣٢٠ پارت و هاوپەیمانی بە بوونی ٧٣٦٧ کاندید بەشدارییان کردووە، بۆ پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەش پێویستە ئەو لایەنە ٥٠+١ی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەدەست هێنابێت.
KDP
