کاندیدێکی پارتی: لەپێناو پرسە نەتەوەییەكاندا ئامادەی قوربانیدانین

 کاندیدێکی پارتی: لەپێناو پرسە نەتەوەییەكاندا ئامادەی قوربانیدانین
پاڵێواراوێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رای دەگەیەنێت، لەپێناو پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا ئامادەی هەموو جۆرە قوربانیدانێكن، جەختیش دەكاتەوە لە بەغدا شەڕی پێشمەرگە، بودجە و مووچە دەكەن.

شێروان زیاد محەمەد ناسراو بە شێروان کاکە زیاد غەفووری، كاندیدی ژمارە 26ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژارنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای هەولێر، لە لێدوانێكدا رایگەیاند: "لە بەغدا شەڕ لەپێناو بژێوی ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا دەكەن".

باس لەوەش دەكات كە هاوكاریكردنی پێشمەرگە، دابینكردنی مافە دارایی و سەربازییەكانی، چارەسەركردنی كێشەی ناوچە دابڕێنراوەكان لە ئەولەویەتی كارەكانیاندا دەبێت.


ئەو پاڵێوراوەی پارتی جەخت دەكاتەوە لیستی 184 لەپێناو بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا، ئامادەی هەموو جۆرە قوربانیدانێكە، "بۆ یەكلاكردنەوەی پرسە نیشتمانییەكان، پێویستمان بە یەكدەنگی و یەكگروتاری لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا دەبێت".

شێروان زیاد گوتیشی: "پێكهێنانی حكوومەتی زۆرینە وەك ئەوەی ئێستا چەند لایەنێك بانگەشەی بۆ دەكەن، كارێكی ئەستەمە و دەبێت لەسەر ئەو ڕێککەوتنە سیاسییە بەردەوام بین كەلە دوای ساڵی 2003ەوە دروست بووە".









باسنیوز
Top