کێشە لە نێوان هاوپەیمانییەکەی بەرهەم ساڵح و گۆڕان سەرهەڵدەدات
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن چڕتر بووەتەوە و هەڵسووڕاوانی گۆڕان لەگەڵ پەلاماردانی سەرجەم حزب و لایەنەکانی کوردستان، پەلاماری هاوپەیمانییەکەی بەرهەم ساڵحیشیان داوە، لە کاتێکدا لە کەرکووک هاوپەیمانێتییان لەگەڵیدا هەیە.
لەمبارەیەوە رێبوار کەریم، گوتەبێژی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری کە بەرهەم ساڵح سەرۆکایەتی دەکات، ڕايگەیاند: ”لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان پرسی ھێرشی ھەڵسووڕاوەکانیان بۆ سەر لیستەکەمان باس کراوە و ئیمە پێمان خۆش نییە ئەو جۆرە ھێرشانە لەلایەن ھەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە ئەنجام بدرێن".
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بەهۆی ئەو هێرشانەوە، سەرکردایەتیی گۆڕان ناچار بوون پەیوەندی بە بەرهەم ساڵح بدەن و گوتی: ”قیادەی گۆڕان پەیوەندییان بە بەرھەم ساڵحەوە کردووە و رایان گەیاندووە کە ئەو قسانەی دژی بەرھەم ساڵح کراون، بۆچوونی شەخسین و تەعبیر لە بزووتنەوەکە ناکەن". ڕوونیشی کردەوە: “قیادەی گۆڕان خۆیان دەستپێشخەرییان کردووە“.
باسنيوز
