"پارتی لە تاراوگەیش، زۆرینەی دەنگەكان بە دەست دێنێت"

بەرپرسانی پارتی لە دەرەوەی وڵات، باس لەوە دەكەن كە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی 184ی پارتیدا، پێشوازییەكی گەرم لەو لیستە دەكرێت و، ئەمجارەش وەك جارانی پێشوو، پارتی زۆرینەی دەنگەكان بە دەست دێنێت و دەبێتە یەكەم و دەنگەكانیشی زیاد دەكەن.

پارتی دیموكراتی كوردستان، بە لیستی 184 و لە ژێر درووشمی "دەستكەوتی زیاتر بۆ كوردستان"، دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی كردووە و، چینوتوێژە جیاوازەكانیش پێشوازییەكی گەرم لە لیستی پارتی دەكەن.

بەرپرسی راگەیاندنی ناوچەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە نۆرویژ، عەدنان موختار، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بانگەشەكردن بۆ لیستی 184ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەرەوەی وڵات بەردەوامە و، رۆژانەیش خەڵكێكی زۆریش لە دەرەوەی وڵات پێشوازی لە لیستی پارتی دەكەن و پشتگیری خۆیانی بۆ دەردەبڕن، ئێمەیش لە بارەگای خۆمان رۆژانە پێشوازیی لە زیاتر لە 100كەس دەكەین بە مەبەستی پشتگیریكردن لە لیستی پارتی كە سەردانمان دەكەن، بۆیە پارتی وەك هەڵبژاردنی رابردوو، زۆرینەی دەنگەكانی دەرەوەی وڵات بەدەست دێنێت".

موختار گوتیشی: "بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی لە ئۆسلۆ، رۆژانە سەردانی كوردانی تاراوگە دەكات و ئەوانیش پێشوازییەكی گەرمی لێ دەكەن و پشتگیریی خۆیشیان بۆ لیستی پارتی دووپات دەكەنەوە، وەكچۆن لە ساڵی 2014ـدا پارتی یەكەم بوو، ئەمساڵیش لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لیستی پارتی یەكەم دەبێت و دەنگەكانیشی زیاد دەكەن".

لای خۆیەوە، هاریوان ئیدریس، بەرپرسی لیژنەی رێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە نورویژ، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بە هەمووشێوەیەك خۆمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئامادە كردووە و، بەردەوامیش بانگەشە بۆ لیستی 184ی پارتی دەكەین و خەڵكیش پێشوازییەكی گەرم لە لیستی پارتی دەكات، بەپێی ئەو پێشوازییەیش كە لە لیستی پارتی دەكرێت، زۆرینەی دەنگ وەكوو پێشووتر بەدەست دێنێت و دەبێتەوە لیستی یەكەم و ئەمجارەش بەراورد بە جاری پێشوو، دەنگەكانی پارتی زۆر زیاد دەكەن".

ئیدریس باسی لەوەش كرد: "ئێمە بۆ شوێنی دەنگدان هەزار و 100كم دەبڕین و 11 سەعات رێگا بە ئۆتۆمبیڵ دەڕۆین، تاوەكوو بتوانین دەنگی خۆمان بدەین و، خەڵكیش زۆر بە جۆش و خرۆشەوە دەچێتە دەنگدان".
kdp-
Top